لە پارێزگای دیالە رێژەی دەنگدەری کورد زیادی کردووە


رووداو - دیالە

بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوو، لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی دەنگدەری کورد لە خانەقین و سنووری پارێزگای دیالە بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کورد ببێتە خاوەن 2 کورسی  پەرلەمان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

لە خانەقین پارتی و یەكێتی دووحیزبی دیارن، هەربۆیە كاندیدێكی یەكێتی و یەكێكی پارتی بەدەنگی هاونیشتمانیان گەیشتنە سەر كورسی پەرلەمان.

لەچاو هەڵبژاردنی رابردوو رێژەی دەنگدەری كورد ئە مجارە لە خانەقینی سنووری پارێزگای دیالە زیاتر بوو، جگە لە دەنگی تایبەت تەنیا لە خانەقین زیاتر لە 55 هەزار كەس دەنگیاندا.

كورد لە كۆی 14 كورسی لە دیالە ئەو دووكورسییەی بەدەست هێناوە، بۆیە پێشبینی ئەوە دەكرێت هاوكێشە سیاسییەكان بگۆڕێت لەو ناوچەیە.

بەپێی دوایین ئەنجام لیستی دیالە ناسنامەمانە 4 كورسی، دەوڵەتی یاسا 3 كورسی، لیستی هاوپەیمانی كوردستانی 2 كورسی، مواتن 2  كورسی، وەتەنیە 1 كورسی، تەیاری چاكسازی 1 كورسییان بەدەستهێناوەو پێشبینی ئەوەدەكرێت یەكێكی دیكە لە كاندیدە كوردەكان بەدەنگی كۆتا بڕۆنە پەرلەمان.