بەهۆی تەقینەوەی مینێکەوە لە هەورامان هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری شارۆچکەی تەوێڵە بەهۆی تەقینەوەی مینێکەوە هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش برینداربوو. بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە دەڵێت، ئەو دوو کەسە ئاگادار بوون کە ناوچەکە مینڕێژکراوە و مەترسیدارە.
رووداوەکە ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی نیسانی 2023 لە سنووری شارۆچکەی تەوێڵە لە دەڤەری هەورامان لە پارێزگای هەڵەبجە روویدا.
حەمید بارام، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو هاونیشتمانی چوونەتە ناوچەیەکی بۆمبڕێژکراو کە هێمای شوێنی مەترسیداریشی تێدایە. دوو کەسەکە مینێکیان پێدا تەقیوەتەوە، یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەوی دیکەش بریندارە."
ئەو دوو کەسە لە هەڵەبجەوە چوون بۆ تەوێڵە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەردووکیان بۆ کۆکردنەوە و پووچەڵکردنەوەی مین چوونەتە ناوچەکە.
ئەو مینەی بەو کەسانەدا تەقیوەتەوە لە ناوچەیەکی سنووریی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام رووداوەکە لە خاکی باشووری کوردستاندا بووە و مینەکانی ناوچەکە بۆ سەردەمی شەڕی عێراق و ئێران دەگەڕێتەوە کە لە ساڵی 1980 دەستیپێکرد و بۆ ماوەی هەشت ساڵ بەردەوام بوو.
بەگوێرەی دەزگای کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، ساڵی 1992 حکومەتی هەرێمی کوردستان رووپێوییەکی گشتی بۆ ناوچە مینڕێژکراوەکان کردووە و دەرکەوتووە 776 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاکی هەرێمی کوردستان بە مین و پاشماوەی جەنگی پیسبووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هاوبەشەکانی لە بەرنامەی مین، توانیویەتی تاوەکو ئێستا 521 کیلۆمەتری چوارگۆشە پاکبکاتەوە و هێشتا 255 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە هەرێمی کوردستان مین و پاشماوەی جەنگی دیکەی تێدایە.