سەرۆک بارزانی: گەلی كوردستان لە خەبات و تێكۆشان بەردەوام دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ لە پەیامێکدا رایگەیاند "گەلی كوردستان بۆ گەیشتن بە مافەكانی قوربانییەكی بێهەژماری داوە و لەڕێگەی چەسپاندنی دۆزە رەواكەیدا لە خەبات و تێكۆشانی خۆی بەردەوام دەبێت."
سەرۆک بارزانی، ئەمڕۆ (دووشەممە، 11-3-2024) پەیامێکی بەبۆنەی 54ـەمین ساڵیادی رێککەوتننامەی 11ـی ئادار بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە پەیامی ئاشتیخوازانە و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان کردەوە.
54 ساڵ لەمەوبەر، بەعسییەکان تازە هاتبوونە سەر کار و حکومەتی ناوەندی خوازیاری رێککەوتن بوو لەگەڵ سەرکردیەتیی شۆڕش. رێبەرایەتی شۆڕشی کوردستان بەسەرۆکایەتیی مستەفا بارزانی و حکومەتی ناوەندیش بەسەرۆکایەتی ئەحمەد حەسەن بەکری سەرۆککۆمار، گەیشتنە رێککەوتننامەی 11ـی ئازار. کورد لە چوارچێوەی عێراقدا، دانی پێدا نرا، بەڵام سنوورەکەی یەکلایی نەکرایەوە و هەڵگیرا بۆ کاتی راپرسی و سەرژمێری.
ئەم رێککەوتننامەیە کە بەرهەمی شۆڕشی ئەیلوول بوو، بۆ کورد پڕ بەها و مایەی خۆشحاڵی بوو، چونکە بۆ یەکەم جار لە مێژووی حکومڕانیی عێراق، لەژێر گوشاری پێشمەرگە و شۆڕشی کوردستان، داننرا بە مافە نەتەوەییەکانی.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
رێككەوتننامەی یازدەی ئادار بەرهەمی شۆڕشی ئەیلول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و سەرجەم چین و توێژەکانی كوردستان بوو لە بەرانبەر ستەم و زۆرداریی دەستەڵاتدارانی عێراق. بەرهەمی ئەو خەباتە تۆكمەیە بوو كە لەپێناو گەڕاندنەوەی ماف و مسۆگەركردنی دیموكراسی و شەراكەت و پێكەوەژیان دەستی پێكرد و حكومەتی ئەوكاتی عێراقی ناچار كرد دان بە بەشێك لە مافەكانی گەلەكەماندا بنێت.
لە پەنجا و چوارەمین ساڵیادی رێككەوتننامەی یازدەی ئاداردا جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازانە و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە و ئەوەش دووپات دەكەینەوە كە گەلی كوردستان بۆ گەیشتن بە مافەكانی قوربانییەكی بێهەژماری داوە و لەڕێگەی چەسپاندنی دۆزە رەواكەیدا لە خەبات و تێكۆشانی خۆی بەردەوام دەبێت.
مسعود بارزانی
11ی ئاداری 2024