لایەنە ئیسلامییەکان بۆ یەک لیستی هیچ هاوپەیمانییەکیان نییە
رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئەمڕۆ هیچ رێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی یەک لیست لەنێوان یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستاندا نەکراوە. گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیش دەڵێت، سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.
هەرچەندە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا لە کەرکووک هاوپەیمانییەک لەنێوان یەکگرتوو و کۆمەڵدا هەبوو، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ ئەو دوو لایەنە سیاسییە هیچ رێککەوتنێکیان نەکردووە.
هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هاوپەیمانییمان تاوەکو ئەمڕۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک نییە، بەڵام پێشتر پڕۆژەیەکمان هەبوو بۆ کۆکردنەوەی لایەنە ناڕازییەکان و لەسەر ئەوە گفتوگۆمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە هەبوو."
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانیش دەڵێت، ئەوان گفتوگۆیان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی لایەنە ئیسلامییەکان نەکردووە.
عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ گفتوگۆیەکمان لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی نەبووە بۆ یەک لیستی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا."
لەبارەی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی گوتی، "بە تەنیا وەکو حیزبێکی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمان دا دەکەین."
3ـی ئاداری 2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
دوای فەرمانەکە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێوشوێنەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دەستپێکرد و رایگەیاند، لە 5 بۆ 14ـی ئادار، حیزب و هاوپەیمانییەکان دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن.
بەگوێرەی کۆمیسیۆن، 14ـی ئەم مانگە دوایین رۆژە بۆ تۆمارکردنی حیزب و هاوپەیمانییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان سێ جۆر بەربژێرکردن تۆمار دەکرێت کە بریتین لە؛ حیزب، هاوپەیمانی و بەربژێری سەربەخۆ.
لە خولی پێشوودا پەرلەمانی کوردستان 111 کورسی بوو کە 11ـیان کۆتای پێکهاتەکان بوون، بەڵام هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ 100 کورسی دەبێت و کۆتای پێکهاتەکانی تێدا نامێنێت.
هەروەها ئەم هەڵبژاردنە جیا لە پێشتر بە چوار بازنە دەبێت و دەنگدەری پارێزگایەک ناتوانێت دەنگ بە بەربژێری پارێزگایەکی بەدەر لە پارێزگاکەی خۆی بدات.
100 کورسییەکەی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەشی سەر بازنەکان لە پارێزگاکاندا کراون:
سلێمانی: 38 کورسی
هەولێر: 34 کورسی
دهۆک: 25 کورسی
هەڵەبجە: 3 کورسی