ساڵی رابردوو 279 هەزار قوتابی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وازیان لە خوێندن هێناوە


رووداو دیجیتاڵ 

ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی پەرلەمانی ئێران لە دوایین لێکۆڵینەوەیدا باس لە وازهێنانی قوتابییانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە خوێندن لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا دەکات.
 
بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیە، لە یەک ساڵی رابردوودا خوێندنی 911 هەزار و 272 قوتابی بە هۆکاری جیاواز لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی پەکیکەوتووە و ئەو ژمارەیەش بەراورد بە شەش ساڵ لەمەوبەر 17٪ زیاترە.
 
وەک ناوەندەکە دەڵێت، هەر لەو یەک ساڵەدا 279 هەزار و 19 قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە، ئەوەش بەراورد بە شەش ساڵ لەمەوبەر 17.15٪ زیادیکردووە. 
 
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکەی ناوەندی پەرلەمانی ئێران، پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان، ورمێ، خوراسانی رەزەوی، خوراسانی باکوور و گوڵستان، زۆرترین وازهێنان و پەککەوتنی پڕۆسەی خوێندنی تێدایە. پارێزگای سیستان و بەلووچستان خراپترین دۆخی هەیە و زیاتر لە 4٪ـی کۆی گشتیی قوتابییانی ئەو پارێزگایە لە یەکساڵی رابردوودا وازیان لە خوێندن هێناوە و 18.2٪ـی قوتابییانیشی تووشی کێشەی پەککەوتنی خوێندن بوون. 
 
لە راپۆرتەکەدا 20 هۆکار بۆ دواکەوتن و وازهێنانی قوتابییان لە خوێندن تۆمارکراوە کە سەرەکیترینیان هەژاری، رەگەز و کولتووریی خێزانەکانە کە پێیان وایە خوێندن زۆر گرنگ نییە و هەربۆیە منداڵەکانیان لە قوتابخانە دەردەهێنن یان جەخت لە پابەندیی قوتابی بە خوێندنەوە ناکەنەوە.
 
هەروەها رەخنە لە حکومەتیش دەگیرێت کە لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا نەیتوانیوە بەپێی پێویست ئاوڕ لەم کێشەیەوە بداتەوە و چارەسەری بکات.