کۆمیسیۆن بۆ هەردوو باڵەکەی گۆڕان: لەسەر وادەی کۆنگرە رێکبکەون

لۆگۆی گۆڕان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، شاندێکی راسپاردووە بۆ راوێژكردن لەگەڵ هەردوو ئاراستەكەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ رێککەوتن و دیاریکردنی وادەی کۆنگرە. هەردوو ئاراستەکەی گۆڕانیش دەڵێن: "بەزووترین کات کۆبوونەوە دەکەین و بڕیار دەدەین."
 
بزووتنەوەی گۆڕان بەسەر دوو بەرە (گۆڕانی گردی زەرگەتە و گۆڕانی گەڕەکی کوردسات) دابەشبووە. بەرەی گەڕەکی کوردسات، 2ـی شوباتیان بۆ بەستنی کۆنگرە دیاری کردبوو، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق 29ـی کانوونی دووەم رایگەیاند، ''پەلە نەکرێت لە بەستنی کۆنگرە لەو رێککەوتەدا. بە گوێرەی ئەو داوایەی لە دەستەی گشتیی حیزبەکەوە نێردراوە.''
 
رۆژی سێشەممە، 11ـی شوباتی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند. "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران گفتوگۆی کرد لەبارەی یاداشتی، (فەرمانگەی کاروباری پارتەکان و رێکخراوە سیاسییەکان) کە 29-1-2025 نێردراوە کە پەیوەستە بە راگرتنی رێکارەکانی بەستنی کۆنگرە، هەروەها ئەو نووسراوەی کە پێشکێشکراوە لەلایەن دانا ئەحمەد مەجید شاسوار، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە وەکالەت، بە ژمارە 7 لە 4-2-2025، هەروەها ئەو نووسراوەی کە لەلایەن یاسین حەمەعەلی محەممەدعەلی، رێگەپێدراوی ئەندامانی دەستەی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە ژمارە 5 لە 4-2-2025، پێشکێشکراوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوای گفتوگۆ لەنێوان ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، بڕیاردرا بە راسپاردنی (فەرمانگەی کاروباری پارت و رێكخراوە سیاسییەكان) بۆ راوێژكردن لەگەڵ هەردوو داواکاریی بزووتنەوەی گۆڕان، تاوەکو بە رێککەوتن وادەی بەستنی کۆنگرەی گشتیی حیزب (بزووتنەوەی گۆڕان) دیاری بکەن، نابێت وادەی كۆنفرانسەكە لەو ماوەیە تێپەڕ بکات كە ئەنجوومەنی كۆمیسیاران بڕیاری داوە، بە ژمارە (م/1/هەڵاوێردن/ 48) لە 11ـی ئەیلوولی 2024دا دیاریكراوە."
 
کاردۆ محەممەد، رێکخەری ژووری پەرلەمانی گۆڕان و پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەکە (لە بەرەی گەڕەکی کوردسات) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە رێکخەرمان هەیە و هێشتا بڕیارمان نەداوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە، بە زووترین کات کۆدبینەوە و بڕیاری خۆمان دەدەین."
 
هاوکات، سەرچاوەیەکی باڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان (لە بەرەی جڤاتی نیشتمانی) لە گردی زەرگەتە بە رووداوی گوت، "ئێمە بەرەی جڤاتی نیشتمانی و دەستوورین، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکمان نەداوە، چونکە ئەمڕۆ نووسراوەکەمان بینیوە، بە زووترین کات کۆدەبینەوە، دوای ئەوە بڕیاری خۆمان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رادەگەیێنن."
 
01-02-2025، یاسین حەمە عەلی، رێکخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (لە بەرەی جڤاتی نیشتمانی) گردی زەرگەتە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، راگەیێندراوێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەکەی خوێندەوە گوتی، لەسەر داوای ئەوان، بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەکە 'دواخراوە'؛ ئاماژە بەوەش دەکات، 'بۆ دیاریکردنی کاتی بەستنی کۆنفرانس داواکارییان پێشکێشی کۆمیسیۆن کردووە.'
 
رۆژی 28-09-2024، بەشێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، رێوڕەسمێکیان بۆ رێزلێنان و ماڵئاوایی لە عومەر سەیدعەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەری نوێی بزووتنەوەکە رێکخست.
 
بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکە لە پارکی ئازادی دوای ئەوە بوو، کوڕانی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەکە بۆ رێگری لەو رێوڕەسمە رۆژی هەینی (27/09/2024) دەرگای مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانیان بە بەربەستی کۆنکرێتی داخست، دەوام لە ژوور و دامەزراوەکانی بزووتنەوەکەش راگیرا.
 
دوای ئەو ناکۆکییانە، 04ـی 10ـی 2024، بزووتنەوەی گۆڕان و رێکخەرە نوێیەکەی بارەگایەکی نوێیان لە گەڕەکی کوردسات لە شاری سلێمانی کردەوە و رەتیانکردەوە، جارێکی دیکە بگەڕێنەوە گردی زەرگەتە.