پارتی وەڵامی کەجەکە دەداتەوە: شەڕتان پێناکرێ خەتای پارتی نییە
رووداو دیجیتاڵ
پارتی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا لە باشووری کوردستان وەڵامی کەجەکە دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، كە "پەكەكە شەڕی توركیای لەناو خاكی توركیادا نەكردووە و بەردەوام لە هەڵاتندایە و خەڵكی دیکە بە دوای خۆیدا رادەكێشێت، پارتی چ تاوانێكی كردووە؟".
ئێوارەی ئەمڕۆ مەحموود محەممەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تۆمەتیی هاوکاریکردنی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی گارە کە لەلایەن کەجەکەوە تۆمەتبار دەکرێن رەتدەکاتەوە. گوتەبێژی پارتی دەڵێت، پارتی پەیوەندیی بەم شەڕانەوە نییە و، هیچ ڕێگەشی لە پەکەکە نەگرتووە كە شەڕ بكات یان نا. کە شەڕیان پێ ناکرێ و هەر لە هەڵاتندان هیچ خەتای پارتی نییە و با واز لەو تۆمەتە بێ بنەمایانە بهێنن.
کەجەکە پارتی تۆمەتبار کردبوو بەوەی کە بەبێ رەزامەندیی ئەوان تورکیا ناتوانێت لە چیای گارە سەرباز بجووڵێنێت و رایگەیاندووە: "ناوچەى گارە زۆر لە سنووری تورکیا دوورە و لە نێو باشووری کوردستاندایە. هەموو کات لە دژی گارە هێرشی ئاسمانی ئەنجامدراوە. ئەوە یەکەمجارە لە عەرزەوە سەربازیان نارد و دەستیان بە جموجۆڵی داگیرکەری کرد. بێگومان بۆ ئەوەى جووڵەیەکی داگیرکەری لە دژی گارە ئەنجام بدرێت، دەبێت رێگاپێدان و پەسندکردنی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە هەبێت".
بەلام گوتەبێژی پارتی ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "پەکەکە خۆی باش دەزانێ کە ئەگەر پارتی بەڕاستی دەستی لەو شەڕانەدا هەبووایە، پەکەکە لە دۆخێکی خراپتردا دەبوو".
لە کاژێر 02:55ی بەیانیی رۆژی چوارشەممە 10-2-2021 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی لە چیای گارە لە باشووری کوردستان دەستپێکردووە کە بە "چنگی پڵنگ 2" ناسراوە. سەربازانی تورکیا بە هێلیکۆپتەر دابەزێنراون و شەڕێکی قورس لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سەربازانی تورکیا دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
روونكردنەوەیەک لە گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە...
لەبارەی گرژی و پێكدادانی نێوان چەكدارانی پەكەكە و سوپای توركیا، دیسان كەجەكە لە بەیاننامەیەکیدا کەوتووەتە بڵاوكردنەوەی قسەی بێ بنەما و تۆمەتبەخشینەوە لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان.
وێڕای ڕەتكردنەوەی ئەو قسە و تۆمەتە بێ بنەمایانە، جەخت لەوە دەكەینەوە كە پارتی هیچ پەیوەندیی بە ناكۆكی و گرژییەكانی نێوان ئەو دوولایەنەوە نییە. لە ڕاستیدا، ئەوە پەكەكەیە كە دەستی سوپای توركیای ڕاكێشاوەتە ناو هەرێم و ئاڵۆزی و تێكدان و ناسەقامگیری بۆ هەرێم گواستووەتەوە. كە پەكەكە شەڕی توركیای لەناو خاكی توركیادا نەكردووە و بەردەوام لە هەڵاتندایە و خەڵكی تر بە دوای خۆیدا ڕادەكێشێت، پارتی چ تاوانێكی كردووە؟
دووپاتی دەكەینەوە كە پارتی پەیوەندیی بەم شەڕانەوە نییە و، هیچ ڕێگەشی لە پەکەکە نەگرتووە كە شەڕ بكات یان نا. کە شەڕیان پێ ناکرێ و هەر لە هەڵاتندان هیچ خەتای پارتی نییە و با واز لەو تۆمەتە بێ بنەمایانە بهێنن. پەکەکە خۆی باش دەزانێ کە ئەگەر پارتی بە ڕاستی دەستی لەو شەڕانەدا هەبووایە، پەکەکە لە دۆخێکی خراپتردا دەبوو.
پێمان وایە باشترین چارەسەری بۆ ئەو ناسەقامگیرییە ئەوەیە كە پەكەكە بەڵای خۆی لە كۆڵی هەرێمی كوردستان بكاتەوە و چیتر نەبێتە هۆی ناسەقامگیری و تێكدانی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێم.
مەحمود محەمەد
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
١١ـی شوباتی ٢٠٢١