لە شەقڵاوە گەنجێک بە چەقۆ دەکوژرێت

 
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 2021/02/11  لە شەڕێکدا لەنێوان دوو کەسدا لە شارۆچکەی شەقڵاوەی سەر بە هەولێر لە گەڕەکی مەسیحییان گەنجێک بە چەقۆ دەکوژرێت.
 
ئەو گەنجەی کوژراوە ناوی "لاڤان فازڵ مەرقس"ـە و لەدایکبووی ساڵی 1988ـە و دوو منداڵی هەیە.
 
ئیبراهیم شێخەڵڵا، قایمقامی شەقڵاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەڕێکی ئاسایی لەنێوان دوو هاووڵاتی لە شەقڵاوە روویدا. بەو هۆیەوە یەکێکیان کە بە چەقۆ بریندار کرابوو، مرد."
 
قایمقامی شەقڵاوە باسیشی لەوە کرد: "کوژراوەکە پۆلیسی بنکەی بێترمە بوو لە گەڕەکێکی کریستیاننشینی شەقڵاوە. تۆمەتبارەکەیش گەنجە و دەستگیر کراوە و رووبەرووی یاسا کراوەتەوە."
 
لەبارەی پەیوەندیی بکوژ و کوژراوەکەوە ئیبراهیم شێخەڵڵا ئەوەشی گوت: "هەردووکیان کریستیانن و برادەری یەکتری بوون، بەڵام دیارە ناکۆکی کەوتووەتە نێوانیان و ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە."
 
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر کراوە و ناوی "ل. ی. ئـ."ـە و 30 ساڵانە.

بە گوتەی شایەتحاڵێک بۆ رووداو کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئەو دوو کەسە پێشتریش شەڕ لەنێوانیاندا روویداوە و نیوەڕۆی چوارشەمەیش هەر بووەتە شەڕیان و دوای ئەوەی لێک جیا کراونەتەوە، بکوژەکە چووەتەوە ماڵ و چەقۆی هەڵگرتووە و گەڕاوەتەوە بازاڕ. 
 
بە گوتەی ئەو شایەتحاڵە بکوژەکە "سەرخۆش بووە و دوای ئەوەی لە چایخانەیەکدا لاڤان دەبینێت، دەبێتەوە بە شەڕیان و بە چەقۆ لە لاڤان دەدات. دواتریش هەر خۆی بە برینداری دەیبات بۆ نەخۆشخانە."