ئەحمەد تورک بۆ رووداو: ئامانجمان ئاشتی و برایەتیی کورد و تورکە


رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری کورد دەڵێت، "ئامانجمان ئاشتی و برایەتیی کورد و تورکە و سەڵاحەدین دەمیرتاش-یش هاوکارە".
 
ئەمڕۆ شەممە، 11-01-2025، شاندی دەم پارتی لە زیندان سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاشی کرد. دوای هاتنەدەرەوەیان لە زیندان، ئەحمەد تورک بە رووداوی گوت، دیدارێکی باشیان لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئامەد هەبوو. 
 
ئەحمەد تورک بە رووداوی گوت، بۆ دواڕۆژی گەلی کورد، "بۆ ئاشتی و برایەتیی کورد و تورک، سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەرۆکی شارەوانیی ئامەد هاوکار و خەمخۆرن".
 
فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە لە ساڵی 2016ـەوە لە زیندانن و لەنێو ئەو 108 ئەندام و بەرپرسەی هەدەپەدان کە لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ دادگاییکران.
 
رۆژی 7ـی کانوونی دووەمی 2025، کۆبوونەوەکانی شاندی دەم پارتی لەگەڵ پارتە سیاسییەکان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری کۆتاییان هات.  
 
ئەحمەد تورک لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا باسی لەوە کرد، "ئامانجی ئێمە ئەوەیە ئەم ئاشتییە لەکاتێکی نزیکدا جارێکی دیکە دەستپێبکاتەوە، کورد و تورک، برایەتیی کۆن، جارێکی دیکە بەجێبگەیێنن. ئامانجی ئێمە ئەمەیە، دەمیرتاش و سەرۆکی شارەوانیی ئامەد، بۆ ئەم خەباتە زۆر هاوکار و خزمەتکاری ئەم ئاشتییەن".
 
رۆژی 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، شاندێکی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر پێکهاتبوو، لەسەر زاری ئۆجەلانەوە راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە، تێیدا ئۆجەلان جەختی لە گرنگیی برایەتیی کورد و تورک کردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، هەر شتێک بۆ پرۆسەی ئاشتی پێویست بێت، دەیکات.