وەزارەتی کارەبا: ساڵی رابردوو تێکڕای پێدانی کارەبا رۆژانە نزیکەی 13 کاژێر بووە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، ساڵی رابردوو رۆژانە تێکڕا 12 کاژێر و 44 خولەک کارەبای نیشتمانی هەبووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کارەبا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە، خواست لەسەر کارەبا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 7 هەزار و 500 مێگاوات و بەرهەمهێنانیش سێ هەزار و 500 مێگاواتە.
 
غالب محەممەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت: "پشکی کارەبای پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 42%ـی کۆی کارەبای هەرێمی کوردستانە؛ پشکی کارەبای پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین 28.8%ـە؛ پشکی کارەبای دهۆک 24.5%ـە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش پشکی کارەباکەی 4.7%ـە.
 
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەدا رایگەیاندووە، ساڵی رابردوو تێکڕا لە هەرێمی کوردستان، کارەبای نیشتمانیی 12 کاژێر و 44 خولەک بووە.
 
ئەم ساڵ کارەبا کەمتر بووەتەوە
 
لەبارەی پێدانی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی لەم ساڵدا، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ رۆژانە تێكڕا حەوت کاژێر کارەبای نیشتمانی لە سلێمانی و هەڵەبجە هەبووە، بەڵام ئەو رۆژانەی کە دەوام نەبێت، کاژێرێک کارەبای نیشتمانیی زیاتر دەدرێتە هاوبەشان".
 
شەعبان ئیبراهیم، بەرێوەبەڕی کۆنترۆڵی کارەبای دهۆک ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ رۆژانە تێکڕا 9 کاژێر و 22 خولەک کارەبا دراوەتە هاوبەشان.
 
کارەبای هەولێر بەگوێرەی گەڕەک و ناوچەکان جیاوازی هەیە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە شەو و رۆژێکدا لە بەشێکی گەڕەکەکان کەمتر لە 7 کاژێر کارەبا هەبووە، هەندێک لە گەڕەکەکانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 8 کاژێر.
 
"460 هەزار هاوبەشی کارەبا زیادیکردووە"
 
لە راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە کابینەی 9ـیەمدا، هەزار و 500 مێگاوات کارەبا زیاد کراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا 460 هەزار هاوبەشی نوێی کارەبا زیاد بووە. خواستی كارگەكانی چیمەنتۆ، ئاسن، كارگە پیشەسازییەكانی دیكە، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و سیتییەكان لەسەر کارەبا زیاتر بووە".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی کارەبا باسی کێشەکانی بەردەم کارەبای کردووە و رایگەیاندووە: "تێچوونی بەرهەمهێنانی کارەبا لەنێو قەیرانی دارایی و کێشە تەکنیکییەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر کێڵگەکانی گاز و شوێنی کارکردنی کۆمپانیای دانەگاز، ئەوەندەی دیکە کاریگەریی نەرێنییان بۆ سەر بەرهەمهێنانی کارەبا دروست کردووە".
 
وەزارەتی کارەبا بە هاونیشتمانییان دەڵێت: "دڵنیاتان دەكەینەوە بەپێی ئەو بەرنامەیەی وەزارەتی كارەبا دایناوە، لە رێگەی سیستمی پێوەری زیرەك و پڕۆژەی رووناكی 24 كاژێری، دۆخی کارەبا بەرەو باشبوون دەچێت".