بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری لە رووخانی بەنداوی تشرین دەدات
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری لە رووخانی بەنداوی تشرین دەدات و پەیامێک ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات و داوا دەکات، گوشار بخەنە سەر تورکیا بۆ راگرتنی هێرشی سوپای نیشتمانیی سووریا.
بەنداوی تشرین دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری منبج و توانای گلدانەوەی 1.9 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. بەنداوەکە سەرچاوەیەکی گرنگی بەرهەمهێنانی کارەبا و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ خەڵکی ناوچەکە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە رۆژی شەممە 11-1-2025، بڵاویکردووەتەوە، ئەو هێرشانەی سوپای نیشتمانیی سووریا و هێزەکانی تورکیا دەیانکەن "مەترسیان بۆسەر سەلامەتی بەنداوی تشرین زیاد کردووە".
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری لە رووخانی بەنداوەکە دەدات و دەڵێت، شتێکی لەو جۆرە هەڕەشەی راستەوخۆ بۆسەر گیانی هەزاران کەسی سڤیلی ناوچەکە دروست دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێیوایە "هەر هێرشێک بۆ سەر بەنداوەکە یان رووخانی کارەساتی لێدەکەوێتەوە، لافاوێکی گەورە دروست دەکات و زیانی گەورەی مرۆیی دەبێت و ژێرخانەکەی وێران دەکات".
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای دەستوەردانی دەستبەجێ دەکات و پێی وایە پێویستە گوشار بخرێتە سەر تورکیا بۆ راگرتنی هێرشەکان؛ داوای راگەیاندنی ئاگربەست لە تەواوی سووریاش دەکات.
لە راگەیێندراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەخت لە گرنگی هەوڵی نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا دەکاتەوە و داوای چارەسەری سیاسییانە دەکات بە بەشداری هەموو لایەنەکان، بێ لەبەرچاوگرتنی نەتەوە، ئایین، ئاینزا لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی گشتگیردا.
سوپای نیشتمانیی سووریا ژمارەیەک گرووپی چەکداری سووریا دەگرێتەوە کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات و زیاتر لە مانگێکە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە زیادکردووە و سەرنجی هێرشی ئەم چەند هەفتەی رابردوویان لەسەر بەنداوی تشرین بووە.