نەوت و کانزاکانی دهۆک: 80٪ی دانیشتووانی پارێزگاکە نەوتیان وەرگرتووە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای دهۆک رایدەگەیێنێت، نزیکەی 80٪ـی دانیشتووانی پارێزگای دهۆک نەوتیان بەسەردا دابەشکراوە و هەوڵدەدەن تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ پرۆسەکە کۆتایی پێبهێنن.
 
کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای دهۆک میوانی پۆدکاستی مژار بوو لە رادیۆی رووداو. کارزان رەئووف، باسی لە دابەشکردنی نەوت لە پارێزگەی دهۆک کرد و گوتی، لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە دەستمان بە دابەشکردنی نەوت کردووە، تائێستا نزیکەی 80٪ـی خەڵک لە پارێزگای دهۆک نەوتیان وەرگرتووە.
 
لەکۆی نزیکەی 280 هەزار خێزانی سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ، بەگوتەی کارزان رەئووف، نزیکەی 43 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر 215 هەزار خێزاندا دابەشکراوە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو 20٪ــی کە ماوە، هەوڵدەدەن پێش سەری ساڵ نەوتیان بەسەردا دابەشبکەن. 
 
بە گوێرەی پلانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، پرۆسەی دابەشکردنی نەوت بە سێ قۆناخ دەبێت، قۆناخی یەکەم لە ناوچە شاخاوییەکان؛ قۆناخی دووەم لە دەوروبەری شارەکان و قۆناخی سێیەم و کۆتایی لە ناوەندی شارەکان دەبێت.
 
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک دەڵێت، پرۆسەکە لە ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری شارەکان تەواو بووە. تەنیا لە سەنتەری شارەکە هەندێک ماڵ ماون وەریبگرن. 
 
گوتیشی، ئەو نەوتەی دابەشدەکرێت، پێشوەختە پشکنین بۆ کوالێتی و جۆری نەوتەکە دەکرێت، ئەگەر لە پشکنین دەرنەچێت وەریناگرن و "چەند تانکەرێک لە پشکنین دەرنەچوونە و گەڕاندوومانەتەوە."
 
لەبارەی شێوازی دابەشکردنی نەوت، ئاماژەی بەوەکرد، نەوت لەڕێگەی کۆبۆنەوە دابەشدەکرێت، تانکەری سووتەمەنی دەچێتە بەردەم دەرگای ماڵەکان و نەوتەکە دابەش دەکات، هەروەها لەو شوێنانەش کە تانکەر نایگاتێ لە گۆڕەپانێک دابەشدەکرێت.
 
لەبارەی پشکی پارێزگاکە لە گازی شلی ماڵان، کارزان رەئووف گوتی: "رۆژانە نزیکەی 160 تۆن گازی شل بۆ پارێزگای دهۆک دێت، بەڵام لە وەرزی زستان 15٪ خواست زیاتر دەبێت، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هاوئاهەنگیمان هەیە کە بڕەکە لە زستاندا زیاد بکەن."
 
لەبارەی پشکی پارێزگای دهۆک لەو بەنزینەی کە لیتری بە 750 دینارە و حکومەت پاڵپشتیی دەکات، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک دەڵێت، "رۆژانە نزیکەی 360 هەزار لیتر بەنزینی پاڵپشتیکراو دێتە پارێزگای دهۆک و  بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان بەسەر شار و شارۆچکەکاندا دابەشدەکرێت."