زانیاریی نوێ؛ شەڕی نێوان هەسەدە و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە هەجین و بەنداوی تشرین
رووداو دیجیتاڵ
تەنیا دوو رۆژ دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، گرووپەکانی سوپای نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە چەند شوێنێکی جیاوازەوە هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات، بەڵام بەرپەرچیان درایەوە و نەیانتوانی ئامانجەکانیان بپێکن.
رۆژی سێشەممە، 10-12-2024، گرووپەکانی سوپای نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات، لە پردی قەرەقۆزاخ و بەنداوی تشرین، هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، سەرەڕای شەڕێکی سەخت، هەسەدە نەکشایەوە.
بەنداوی تشرین لە 22-4-2004 لەلایەن حکومەتی سووریاوە دروستکرا، ئامانج لێ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بوو، ئەو بەنداوە دەکەوێتە باشووری کۆبانێ و باکووری رۆژئاوای رەققە و سەر بە پارێزگای حەلەبە.
پێشتر بەنداوەکە کەوتبووە دەست رێکخراوی داعش، بەڵام دواتر هەسەدە کۆنترۆڵی کردەوە و لەوکاتەوە لەوێ هێزی جێگیر کردووە.
بەڕێوەبەری بەنداوی تشرین بۆ رووداو: لەوانەیە بەنداوەکە پڕ بێت و لە کۆنترۆڵ دەربچێت
ئێوارەی سێشەممە، 10.12.2024، عەلی دەمیر، بەڕێوەبەری بەنداوی تشرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چەتەکانی سەر بە تورکیا ماوەی دوو رۆژە هێرش دەکەنە سەر بەنداوەکە. فڕۆکەی چاودێری هەن و هێرش دەکەن. وزە لەسەر بەنداوەکە دەپچڕێت."
بەرپرسی بەنداوەکە گوتیشی: "تۆڕی کارەبا لە دەوروبەری بەنداو دەکەوێتە خوارەوە، ئاویش بەرەبەرە دزە دەکاتە نێو بەنداوەکە، مژۆکی ئاویش بەردەوام کار دەکەن، گوشاری ئاو لەسەر مژۆکاکەن زۆر دەبێت و ئێمەش هیچمان لەدەست نایەت. چونکە لەوانەیە بەنداوەکە پڕ ببێت لە ئاو و لە کۆنترۆڵ دەربچێت".
لەبارەی ئەوەی کە ئایا مەترسیی تەقینەوەی بەنداوەکە هەیە یان نا، عەلی دەمیر گوتی: "بە دڵنیاییەوە دیار نییە کە بەنداوەکە دەتەقێت یان نا، چونکە دۆخەکە ئاسایی نییە، بەتایبەتی ئەگەر ئاو بچێتە ناو بەنداوەکە، کەس نازانێت چی روودەدات، مەترسیی ئەوە هەیە کە بەنداوەکە سەرڕێژ ببێت و دواتریش بتەقێت و لە کۆنترۆڵ دەربچێت."
بەڕێوەبەری بەنداوەکە هەروەها باسی لەوە کرد تەزووی کارەبا لەسەر بەنداوەکە پچڕاوە و لەڕێی موەلیدەوە کاری پێدەکەن. هەروەها دەڵێت، رەنگە ئامێر و کەرەستەکانیش ژێر ئاو بکەون.
شەڕ لە پردی قەرەقۆزاخ
لە پردی قەرەقۆزاخ، لە سنووری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، شەڕ لەنێوان هەسەدە و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەستیپێکردووە. "گوندی جەدعە بۆردوومان کرا و دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا."
ستێر چەلۆ، چالاکڤان و رۆژنامەڤان لە کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانەوە میوانی بووڵتەنی کاژێر 9:00ی ئەمشەی رووداو بوو کە دلبخوین دارا پێشکێشی کرد و گوتی: " گرووپەکان دەیانەوێ بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ کۆنترۆڵ بکەن، چونکە بۆ کۆبانێ ستراتیژین، بۆیە گرووپەکان دەیانەوێ بیانگرن."
بە گوتەی ستێر چەلۆ، لە سێ قۆڵەوە هێرش بۆ گرتنی بەنداوەکە کراوە و "تورکیاش لە ئاسمانەوە پاڵپشتیی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کردووە."
کوژرانی دوو منداڵ و برینداربوونی دووی دیکە
ئەو رۆژنامەڤانە لە کۆبانێوە گوتی: "گوندی جەعدە لە نزیک پردی قەرەقۆزاخ لە رووباری فورات تۆپباران کراوە، دوو منداڵ کوژراون و دووی دیکە بریندارن و ئێستا لە کۆبانێ چارەسەر دەکرێن."
لە شەڕەکەی ئەمڕۆدا، سێ ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە بەنداوی تشرین پەڕیونەتەوە، بەڵام بە گوتەی ستێر چەلۆ، هەرسێکیان لەلایەن هەسەدەوە تێکشکێنراون "ئێستا گرووپە چەکدارەکان زیاتر لە کیلۆمەترێک لە رۆژئاوای رووباری فورات کشاونەتەوە."
هەسەدە شارۆچکەی هەجینی کۆنترۆڵکردەوە
ئەنجوومەنی لەشکریی شارۆچکەی هەجین لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور کە بەشێک بوون لە هێزەکانی هەسەدە، بڕیاری جیابوونەوەیان دا. دواتر هەسەدە شارۆچکەی هەجینی لەدەستیان دەرهێنان.
بە گوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن ئەنجوومەنی لەشکریی هەجین بڵاوکراوەتەوە، ئەنجوومەنەکە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) جیابووەتەوە و پەیوەندییان بە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان (رەدع عدوان) کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەسەدە دوای ئەوەی شارۆچکەی هەجینی لەدەستدابوو، جارێکی دیکە بە هاوکاریی هێزەکانی ئەمریکا، کۆنترۆڵی کردەوە.
ئەنجوومەنی لەشکریی هەجین کە بەشێک بوو لە هەسەدە لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور، ئێستا بووەتە بەشێک لە ژوورەکانی ئۆپەراسیۆن کە بەشێکن لە دەستەی تەحریری شام.
کشانەوەی هەسەدە لە دێرەزوور
دوای هێرشەکانی دەستەی تەحریر شام و گرووپەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، پێش ئەوەی هەسەدە پێشڕەوی بکات، سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە دێرەزوور کشانەوە.
بەم جۆرەش، پارێزگەی دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا بە تەواوی لە کۆنترۆڵی هێزەکانی بەشار ئەسەد دەرچوو و کەوتە ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانان.
رۆژی سێشەممە، هەسەدە کشانەوەی خۆی لە دێرەزوور راگەیاند.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، ئەو ناوچانەی ئێمە کۆنترۆڵمان کردبوو، لە شەڕی داعش دا بووە. راشیگەیاند، ئەو کێشەیەی لە رەققە سەریهەڵداوە، دەبێ بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت.
مەزڵووم عەبدی: لە رێگەی ئەمریکییەکانەوە پەیوەندیی بە تورکیا و تەحریری شامەوە دەکەین
مەزڵووم عەبدی دەڵێت، پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی دیمەشق دەبێت. "پەیوەندی و رێککەوتنمان لەگەڵ رژێمی ئەسەد نەبووە، بەڵکو ئێمە بەهێزترین هێز بووین کە رووبەڕووی رژێمی ئەسەد بووینەتەوە."
مەزڵووم عەبدی هەروەها رایگەیاند، لە رێگەی ئەمریکییەکانەوە پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و تەحریری شام دەکەن، بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان.
فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە دەشڵێت: "ئامادەن پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی نوێی دیمەشق بکەن و هەوڵبدەن لەگەڵ هێزە نوێیەکان بەشداریی پرۆسەی سیاسی بکەن."