لە تەکییە بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە هاونیشتمانییەک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندارە

رووداو دیجیتاڵ

لە شارۆچکەی تەکیەی کاکەمەند بەهۆی شەڕی نێوان دوو خێزان، هاونیشتمانییەک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو. بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، هەردوولای شەڕەکە، خزمن.
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 10-12-2023) مەمەد رەشید، بەڕێوەبەری ناحیەی تەکیەی کاکەمەند لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دوو خێزان کە خزمی یەکدین و لە یەک بنەماڵەن، لەسەر میرات و زەویوزار بووەتە شەڕیان، لە ئەنجامدا کوژراوێک و بریندارێک هەیە."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی تەکیە ئاماژەی بەوەکرد، "بکوژ ئەو کەسەیە کە ئێستا خۆی بریندارە و لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرە."
 
شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تەرمی کوژراوەکە براوەتە فریاکەوتنی چەمچەماڵ، کە پیاوێکە لە دایکبووی ساڵی 1959ـیە و خێزاندار بووە، بەڵام بریندارەکە نەبراوەتە نەخۆشخانەکانی سنوورەکەیان.
 
بەگوێرەی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 455 رووداوی کوشتنی ئەنقەست، بە هەڵە و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.