لە 24 کاژێری رابردوودا زۆرترین باران لە سەرسنگ باریوە

رووداو دیجیتاڵ

لە 24 کاژێری رابردوودا زۆرترین باران لە ناوچەی سەرسنگ لە سنووری پارێزگای دهۆک باریوە، کە 22.5 مللیمەتر بووە. کەشناسێکیش دەڵێت، بارانبارین لە رۆژی دووشەممە لاواز دەبێت و رۆژی چوارشەممە باران لە تەواوی شارەکاندا دەبارێت.
 
لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ (یەکشەممە، 10-12-2023) کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا و لە کاژێر 09:00ـی بەیانیی دوێنێ بۆ کاژێر 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆ، زۆرترین بڕی بارانبارین لە پارێزگای دهۆک تۆمارکراوە، پاشان پارێزگای هەولێر و دواتر پارێزگای سلێمانی، بەڵام لە پارێزگای هەڵەبجە باران نەباریوە. 
 
بڕی بارانی باریو لە هەندێک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان، لە 24 کاژێری رابردوودا بەمشێوەیە بووە:
 
پارێزگای هەولێر: هەولێر 0.4 مللیمەتر، سۆران 3.2 مللیمەتر، هیران 4.5 مللیمەتر، شەقڵاوە 2.5 مللیمەتر، رواندز 5.7 مللیمەتر، مێرگەسۆر 6.2 مللیمەتر، سیدەکان 8.5 مللیمەتر.
 
پارێزگای سلێمانی: سلێمانی 0، قەڵادزێ 1 ملیمەتر، هەڵشۆ 3.2 ملیمەتر.
 
پارێزگای دهۆک: دهۆک 2 مللیمەتر، زاخۆ 10.8 مللیمەتر، ئاکرێ 3.2 مللیمەتر، بامەڕنی 15 مللیمەتر، مانگێش 7 مللیمەتر، کانی ماسێ 17 مللیمەتر، ئامێدی 16 مللیمەتر، دینارتە 6.4 مللیمەتر، باتیفا 14.6 مللیمەتر، سەرسنگ 22.5 مللیمەتر، باعەدرێ 5 مللیمەتر، چەمانکێ 11 مللیمەتر و زاویتە 7 مللیمەتر.
 

کەشناسی: ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکان نمەبارانە
 
لە راگەیێندراوێکی دیکەدا، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە ناچاو شاخاوییەکاندا نمەباران دەبارێت و بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما "کەمێک" بەرز دەبێتەوە.
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی (دووشەممە)، کەشناسی دەڵێت، "ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و ئێوارە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو؛ لە ناوچە شاخاوییەکاندا نمەباران دەبارێت و لە شەودا کاریگەری شەپۆلێکی باران روو لە ناوچەکەمان دەکات و لە درەنگی شەودا باران دەبارێت."
 
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی شەو بۆ بەرەبەیانی سێشەممە دڵۆپە باران لە چەند ناوچەیەک دەبارێت؛ رۆژی سێشەممە باران بە لاواز و پچڕپچڕی بەردەوام دەبێت، بەڵام چوارشەممە باران زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە."
 
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەکرد، رۆژی چوارشەممە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بارانی مام ناوەند دەبارێت. گوتیشی، "بارانی چوارشەممە کاریگەریی زیاتری لەسەر پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان دەبێت بەراورد بە دهۆک و هەولێر. بەرەبەیانی پێنجشەممە شەپۆلەکە بە تەواوی کۆتایی دێت".
 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە و پلەی گەرما بەمشێوەیە دەبێت:

 
هەولێر: 21 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 20 پلەی سیلیزی
دهۆک: 19 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 23 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 20 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 18 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 24 پلەی سیلیزی
حاج ئۆمەران: 12 پلەی سیلیزی
سۆران: 14 پلەی سیلیزی