مەسرور بارزانی و سەرۆکی هەنگاریا دۆخی کریستیان و پێکهاتەکان تاوتوێ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەنگاریا کۆبوونەوە و تێیدا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هەنگاریا، دۆخی کریستیانەکان و پێکهاتەکانی دیکە لە باشووری کوردستان و عێراق تاوتوێ کران.
کاژێر 09:00ـی رۆژی شەممە، 10-12-2022، کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا دەستیپێکرد. پەیوەندییەکانی هەردوولا، شەڕ دژی داعش و دۆخی کریستیانەکان و پێکهاتەکانی دیکە لە باشووری کوردستان و عێراق لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ کران.
دوای کۆبوونەوەکە، مەسرور بارزانی و کاتالین نۆڤاک سەردانی عەنکاوەیان کرد بە فەرمی قوتابخانەیەکیان کردەوە کە لەسەر بودجەی حکومەتی هەنگاریا دروستکراوە.
سەرۆکی هەنگاریا لە یەکەم سەردانیدا بۆ هەرێمی کوردستان، پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی، 09-12-2022، گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرد. دواتر سەرۆکی هەنگاریا چووە ئەلقۆش و تلسقۆف و، بۆ خوانی ئێوارە گەڕایەوە هەولێر و میوانی نێچیرڤان بارزانی بوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و کاتالین نۆڤاک "په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌نگاريا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پرۆسه‌ى سياسى و دۆخى عێراق به‌گشتى، كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، شه‌ڕى دژى تيرۆر و مه‌ترسييه‌كانى داعش، دۆخى ئاواره و په‌نابه‌ران و پێكهاته‌كان له هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەنگاریا "خواستى دوولايه‌نه بۆ بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌ش"یان لەنێوان هەرێمی کوردستان و هەنگاریا دووپاتکردەوە و "هه‌روه‌ها به‌رده‌واميى هاوكارى و پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تييان بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به پێويست زانى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و له‌ناوبردنى يه‌كجاره‌كيى داعش."
لە ئابی ساڵی 2014ـەوە راوێژکارانی هەنگاریان بۆ هاوکاریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانن. ئەو وڵاتە لە شەڕی دژی داعشدا لە رووی سەربازیی و راوێژکارییەوە هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە.