لە تەقتەق تەقە لە ناوچەی پارتی کرا
رووداو دیجیتاڵ
لە ناحیەی تەقتەق دوو چەکداری دەمامکدار دەستڕێژی گولـلە لە بارەگای ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن و بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت: "بەدوای تەقەکەرەکاندا دەگەڕێین".
هەندرێن حەمید، بەڕێوەبەری ناوچەی تەقتەقی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 10:15ی شەوی رابردوو، دوو چەکداری دەمامکداری ماتۆڕسوار، دەستڕێژی گوللەیان لە بارەگای ناوچەی پارتی کردووە و هەڵاتوون.
هەندرێن حەمید گوتی: چەکدارەکان راستەوخۆ تەقەیان لە دوو پاسەوانی بارەگاکە کردووە، بەڵام نەیانتوانیوە بیانپێکن و گوتیشی"لە کامێرای چاودێرییەوە وێنەیان گیراوە و هێزە ئەمنیەکانیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە".
هەروەها عومەر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق بە رووداوی راگەیاند، هێرشکارەکان 5-6 گوللەیان ناوە بە بارەگای ناوچەی پارتییەوە، بەڵام زیانی گیانیی نەبووە و ئێستا هێزە ئەمنیەکان سەرقاڵی دۆزینەوەیانن.