قاسم ئەعرەجی: بۆ جەختکردنەوە لە گرنگیی پاراستنى سنوور سەردانی ئێرانمان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکارى ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، سەردانیان بۆ ئێران بۆ جەختکردنەوەیە لەسەر هەڵوێستى جێگیریى بەغدا لەبارەى گرنگیى پاراستنى سنوور و رێگرى لە بەقاچاخبردن و بنەبڕکردنى مادەى هۆشبەر.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ى تشرینى دووەم، شاندێکى باڵاى ئەمنیى عێراق بە سەرۆکایەتى قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و بە بە شداریى رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان گەیشتنە تارانى پایتەخى کۆمارى ئیسلامیى ئێران. 
 
قاسم ئەعرەجى لە تۆڕى ئێکس بڵاویکردووەتەوە کە سەردانەکەیان لەسەر فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران بووە و تاوتوێى پرسە هاوبەشەکانى نێوان هەردوو وڵات دەکەن.
 
قاسم ئەعرەجى ئاماژەى بەوەداوە کە "سەردانەکە بۆ جەختکردنەوەیە لەسەر هەڵوێستى جێگیریى عێراق لە بارەى گرنگى پاراستنى سنوور و رێگرى لە بە قاچاخبردن و بنەبڕکردنى مادەى هۆشبەر." 
 
شاندەکە لە تاران لەگەڵ عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامیى ئێران کۆبوونەوە.
 
قاسم ئەعرەجی دواى کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "تاوتوێى دوایین پێشهاتى رووداوەکانیان لە رۆژهەڵاتى نێوەڕاست و ناوچەکە کردووە و باسیان لە دۆسیەى ئاسایشى سنوور کردووە لە نێوان هەردوو وڵات، لەگەڵ سەرکەوتنى حکومەتى عێراق لە جێبەجێکردنى رێککەوتنى هاوبەشى نێوانیان."
 
راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق لە تۆڕى ئێکس نوسیویەتی: "جەخت لەسەر گرنگیى هاریکاریى نێوان وڵاتانى ناوچەکە کرایەوە، بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونى ململانێکە".
 
میدیاى ئێران بڵاویانکردووەتەوە کە لەو سەردانەدا تاوتوێى رێککەوتن و لێکتێگەیشتنە ئەمنییەکانى نێوانیان دەکرێت.
 
ئەو سەردانە دواى رۆژێک بوو لە کۆبوونەوەیەک لە بەغدا کە لە نێوان قاسم ئەعرەجى و مەجید قولی پوور، پاشکۆى کاروبارى سەربازیى ئێران لە عێراق کرا.
 
19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆکرد بۆ هاوئاهەنگی لە رووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.