یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر: 9 پرۆژەی نیشتەجێبوون دراونەتە دادگە

 
رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، 9 پرۆژەی نیشتەجێبوون بەهۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوون بە رێنماییەکان زیاتر لە ساڵێکە دراونەتە دادگە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەیسەکان لە دادگە یەکلایی نەکراونەتەوە. 
 
ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر بە رادیۆی رووداو ی راگەیاند، بەهۆی بەدواداچوونی بەردەواممان، سەرپێچی و پابەندنەبوونی کۆمپانیاکان لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کەمبووەتەوە، بەڵام هێشتاش لە هەندێکیان هاونیشتمانیان گلەییان هەیە، بۆ ئەمەش ئێمە لیژنەیەکی پێنج کەسیمان هەیە و هەر کەسێک نیگەرانی یان کێشەیەکی هەبوو دەتوانێت پەیوەندی پێوە بکات لەرێگەی ژمارە تەلەفۆنی 07504473390 و ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەکەین.
 
بەگوتەی یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر، لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و پارەی خزمەتگوزاری هەر سەرپێچییەک هەبێت لەلایەن کۆمپانیاکان؛ هەنگاوی یەکەم ئاگادار دەکرێتەوە و دواتر سزای دارایی دەدرێت، ئەگەریش بەردەوام بێت خزمەتگوزاری پرۆژەکانی نیشتەجێبوون یان دەدرێتە تەندەر و لێی وەردەگیرێتەوە یان کۆمپانیاکە دەدرێتە دادگە.
 
گوتیشی: "تائێستاش 9 کۆمپانیامان داونەتە دادگە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا کەیسەکانیان لە دادگەکان یەکلایی نەبوونەتەوە."
 
ئەکرەم ئەحمەد دەڵێت: "ئێمە لە ماوەی رابردوودا  خزمەتگوزاری چەند پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونمان وەرگرتووەتەوە و داومانەتە تەندەر و کۆمپانیای دیکە دەستیان بەکار کردووە، لیژنەیەکمان هەیە بەردەوام سەردانی ئەو شارانە دەکات کە خەڵک گلەییان لێیان هەیە".
 
چەند هاونیشتمانییەک لە شاری زەیتوون پەیوەندییان کردووە و دەڵێن، لە شاری زەیتوون کێشەیان هەیە و کۆمپانیاکە پارەیەکی زۆری خزمەتگوزاری وەردەگرێت و خزمەتگوزارییەکانیشی کەمن.
 
ئەکرەم ئەحمەد گوتی: "لیژنەیەک بۆ کێشەی شاری زەیتوون دروستکرا و بەدواداچوونمان کرد، خاوەنی کۆمپانیاکەشمان بانگکرد، بەڵام بەشێکیشی گوناهی کۆمپانیاکە نییە، چونکە هەندێک لە دانیشتووانی ئەو شارانە پابەندی کۆمپانیاکە نین و هەیانە 60 مانگ کرێی خزمەتگوزاری نەداوە، کۆمپانیاکە زیاتر لە 200 ملیۆن دیناری لای خەڵکەکەیە، ئەمەش وادەکات تووشی کێشە ببێت، بۆیە داوامان کردووە، هاونیشتمانیان ئەو پارەیە بدەنەوە.