حدکا: تاوەکو ئێستا داوامان لێنەکراوە پاشەکشە بە هێزەکانمان بکەین


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ناوەندی بەڕێوەبەری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت، ئەوان ئاگاداری ئەو ئاگربەستە نین کە لایەنی ئێرانی رایگەیاندووە و ئاگاداریش نین ئەو ئاگربەستە لەگەڵ کێ کراوە، دەشڵێت، تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە داوایان لێنەکراوە لە سنوور پاشەکشە بە هێزەکانیان بکەین.
 
رۆژی شەممە 8ـی ئۆکتۆبەری 2022 میدیای نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، لە بەیانی ئەمڕۆوە هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆسەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو باشووری کوردستان راگیراوە و دەستپێنەکردنەوەیان پەیوەندی بە مامەڵەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
 
میدیای نزیک لە سوپای پاسداران لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، ئەگەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان رێگە لە چالاکی "حیزبە جیاخوازەکان"ی دژی ئێران بگرن، ئاگربەستەکە بەردەوام دەبێت، ئەگەرنا جارێکی دیکە سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆن دژی ئەو گرووپە "دژبەران"ـە دەستپێدەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی ئۆکتۆبەری 2022، کەمال کەریمی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی دەکات.
 
سەبارەت بە ئاگربەست، کەمال کەریمی گوتی: "ئێمە نە هیچ ئاگایەکمان لە دەستپێکردنی ئەو تۆپباران و مووشەکبارانە هەبوو، نە ئاگامان لەو ئاگر بەستەش هەیە. ئەو ئاگربەستە تاک لایەنەیە، دیاریش نییە ئێران ئەو ئاگربەستەی لەگەڵ پێشمەرگە کردووە یان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە راستییەکەی ئەوان تۆپبارانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. دەزانین ئەوان زیاتر مەبەستیان ئازاردانی هەرێمی کوردستان و خەڵکی ئەو ناوچانەیە کە لەوێ نیشتەجێن و تۆپباران دەکرێن. ئێمە خۆشحاڵین بەوەی ئەو تۆپبارانە وەستاوە، لانیکەم لە دوێنێوە ئەو تۆپبارانە نەماوە".
 
بە بڕوای کەمال کەریمی، ئەوەی لە ئێران دەگوزەرێت هیچ پەیوەندییەکی بە "جووڵەی هێز لە هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو ئەوە خەڵکە لەسەر شەقام داواکاریان هەیە. ئاساییە کە خەڵک گوێ لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبە کوردییەکانی دیکە بگرێت".
 
ئەندامەکەی ناوەندی بەڕێوەبەری گشتیی حدکا رەتیدەکاتەوە داوایان لێکرابێت لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان بکشێنەوە و دەڵێت: "تاوەکو ئێستا داواکارییەکی لەو جۆرەمان ئاراستە نەکراوە کە دەبێت ئەو ناوچانە چۆڵ بکەین. ئێمەش لەوێ لە شوێنێک نین کە پێویست بێت لەسەر داوای کۆماری ئیسلامی ئەو شوێنانە چۆڵ بکەین. پێمان وایە بەپێی ئەو بەڵێنەی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانمان داوە کە لەنێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە هیچ جووڵەیەک دژی ئێران نەکەین، هەر بەو شێوەیە لەوێ دەمێنینەوە".
 
کەمال کەریمی ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوان لەسەر سنوورەکان نین تاوەکو بکشێنەوە و دەڵێت: "ئێمە لەسەر سنوور نین. هێزەکانی ئێمە لەسەر سنوور نین، بەڵکو لەنێو سنووری هەرێمی کوردستانین و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێین. ئەو ناوچانەش تاوەکو ئێستا پارێزراون و پێشمەرگەکان لەوێ ماونەتەوە".
 
کەمال کەریمی هێرشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر بارەگاکانیان بە دوور نازانێت و پێیوایە مەترسیی دووبارەبوونەوەی هێرشی ئێران هەیە و دەڵێت: "درۆنەکانی ئێران بەردەوام بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە؛ بۆیە مەترسی هێرش هەیە. هەر بۆیەش کەمپەکان بە شیوەیەکی کاتی چۆڵکراون و تاوەکو ئێستا ژن و منداڵەکان نەگەڕاونەتەوە نێو کەمپەکان".
 
کەمال کەریمی هێرشی زەوینی لەلایەن ئێرانەوە بە "ئەستەم" دەبینێت و بە دووریشی دەزانێت سنوور ببەزێندرێت و دەڵێت: "بەزاندنی سنووری هەرێمی کوردستان و هێرش لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان بە دوور دەزانین. ئەگەر مەبەستیش سەر سنوورەکان بێت، کۆماری ئیسلامی بەردەوام ئەو هەڕەشانە هەر دەکات. پێمان وایە ئێران بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کێشەیەک دروستبکات و شەڕێک هەڵبگیرسێنێت؛ تەنیا شوێنێکێش کە بتوانێت ئەوە بکات رەنگە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بێت بۆ ئەوەی بانگەشەی ئەوە بکات و بە خەڵکی ئێران بڵێت لەو ناوچەیەی کوردستان ئاژاوە دروستبووە، بە جۆرێک بیەوێت کاریگەری بکاتە سەر رەوتی خۆپێشاندانەکان".
 
رۆژی یەکشەممە 9ـی ئۆکتۆبەری 2022 نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لەبارەی دوای چۆڵکردنی بنکە و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک سنوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بابەتی چۆڵکردنی بنکە و بارەگاکان تازە نییە و حکومەتی ئێران بەدواداچوونی بۆ ئەوە کردووە و گەیشتووەتە ئەوەی کە بەشێک لەو حیزبانەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانن دەستیان لە خۆپێشاندانەکان وەرداوە و بە گوتەی ئەوان 'هەوڵی پشێوی نانەوە دەدەن'، بۆیە ئێران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات بارەگای ئەو حیزبانە چۆڵبکرێن".
 
کاژێر 16:00ـی رۆژی شەممە 24ـی سێپتەمبەری 2022 هێزی زەوینی سوپای پاسداران دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی دژی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاند و داوایان لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد لە بنکە و بارەگای ئەو حیزبانە دوور بکەنەوە.
 
دوای چوار رۆژ لە راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنەکە، سوپای پاسداران کاژێر 10:34 خولەکی رۆژی چوارشەممە 28-09-2022 بە "73 مووشەک و دەیان درۆن" هێرشیکردە سەر قەڵای دیموکرات و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەنجامدا 17 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 50 کەسیش برینداربوون.
 
هێرشەکەی سوپای پاسداران هاوکات بوو لەگەڵ ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان بەرامبەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی.
 
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران رۆژی 17-09-2022، داوایان لە خەڵک کرد مانبگرن. حکومەتی ئێران حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هاندانی خەڵک بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندان تۆمەتبار دەکات و وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران دوو رۆژ لە دوای مووشەکبارانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا گوتی، 77 ئەندامی حدکا، کۆمەڵە، پژاک و پاکیان دەستگیرکردووە کە سەرقاڵی داڕشتنی "پیلان" دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون.