خالید شوانی بۆ کەرکووکییەکان: فریانەکەوین لە کەرکووک دەدۆڕێین

رووداو دیجیتاڵ
 
خالید شوانی، رایگەیاند رێژەی بەشداریکردنی کورد لە کەرکووک زۆر کەمترە بە بەراورد لەگەڵ تورکمان و عەرەبەکان و دەشڵێت "بەداخەوە هەندێک گروپی شۆڤینی لە نێو پێکهاتەی تورکمانی و پێکهاتەی عەرەبی، ئەو هەڵبژاردنە وەک پرۆسەیەکی هەڵبژاردن و  دیموکراسی سەیر ناکەن، بەڵکو وەک یەکلاییکردنەوەی ناسنامەی نەتەوایەتی کەرکووک سەیر دەکەن".
 
خالید شوانی، کە بەناوی لیژنەی باڵای راگەیاندنی هاوپەیمانیی کورستان قسەی کرد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "کەرکووک دۆزی میحوەری و دۆزی کورد و هەموو کوردستانە، نەک تەنیا کەرکووکییەکان، بەڵام ئەمڕۆ شەڕی هەڵبژاردن و شەڕ سەلماندنی ناسنامەی نەتەوایەتی تەنیا و تەنیا  لە ئەستۆی کەرکووکییەکانە، بۆیە رووی دەممان لە خوشک و برا کەرکووکییەکانە، راستە کەرکووک دۆزی نەتەواویەتی هەرچوار پارچەی کوردستانە، بەڵام لە دەرئەنجامی هەڵبژاردن و شەڕی ململانێی سیاسیی شەڕی کەرکووکییانە". 
 
هەروەها راشیگەیاند: "لە کەرکووک هەرچەندە پەیاممان پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانە، بەڵام بەداخەوە هەندێک گرووپی شۆڤینی لە نێو پێکهاتەی تورکمانی و پێکهاتەی عەرەبی، ئەو هەڵبژاردنە وەک پرۆسەیەکی هەڵبژاردن و  دیموکراسی سەیر ناکەن، بەڵکو وەک یەکلاییکردنەوەی ناسنامەی نەتەوایەتی کەرکووک سەیر دەکەن. لە هەموو کوچە و کۆڵانی گەڕەکە عەرەبییەکان جۆش و خرۆشێکیان خستووەتە بەردەم دەنگدەرانی خۆیان و دەڵێن ئەمڕۆ گشتپرسییە لەسەر چارەنووسی کەرکووک و ناسنامەی کەرکووک، کاتی ئەوەیە زۆرینەی کورد لە نێو کەرکووک لەنێوببەین، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە و چەندین جاری دیکە ئاماژەمان پێکردبوو، کەرکووکیان هەرچەندە چەندین ساڵە رووبەڕووی پرۆسەی بە عەرەبکردن بوونەتەوە بە تایبەتی لەو ساڵانەی رابردوودا لە ناوچەکانی خوارووی کەرکووک و نێو کەرکووک".
 
خالید شوانی، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمڕۆ ئەوان مەرامیان بردنەوەی کورسی نییە بە قەد ئەوەی مەرامیان لەنێوبردنی کوردە لە کەرکووک، وەک یەکێک لە پەرلەمانتارەکانیان، کە بە نامۆ ناومان دەهێنێت و دەڵێت لە رەگ و ریشەوە لەو شارە هەڵیاندەتەکێنین، بۆیە کەرکووکییە بە ئەمەک و بە غیرەت و بوێر و جوامێرەکان، تکایە ئەمڕۆ رۆژی جوامێرییە و رۆژێکی مێژووییە، رۆژێکە ئەو چەند کاژێرەی ماوە و لە مێژوودا دەنووسرێتەوە، سەرکەوتووبین هەتا ماوین دەتوانین شانازی بە خۆمان و بوونی خۆمان بکەین  و نەوەکانی دوای خۆمان شانازیمان پێوەبکەن، بەڵام ئەگەر نەچین و لە ماڵەوە دانیشین و  لە هەڵبژاردنە بەشداری نەکەین و خوانەکا دۆڕاو بین ، ئەوا ناسنامەی نەتەوایەتی کەرکووک لە دەستدەدەین".
 
 
خالید شوانی، بە داتا باسی جیاوازی دەنگدان لە نێوان کورد و نەتەوەکانی دیکە لە کەرکووک دەکات و دەڵێت: "دەنگدان لە ناوچەکانی ئێمە کەمترە، بە ژمارەش دەڵێم بۆ ئەوەی کەس نەڵێت ئەو قسانە بۆ ترساندنە،  لە ناوەندی داقوق لە ئیمام حوسێن، کە ناوەندێکی تورکمانییە 1321 کەس چووە بۆ دەنگدان، بەڵام لە ناوەندی بڕیار کە لە ناوچەیەکی کوردییە، تەنیا 231 کەس چوون بۆ دەنگدان. لە عروبە لە قوتابخانەی وەرکا لە بەیانییەوە سرەیان گرتووە و کۆڵانەکانیان پڕکردووە، تاوەکو ئەو قسانە دەکەین 1200 کەس دەنگیانداوە، لەکاتێکدا لای ئێمە لە قوتابخانەیەک کە ناوی خەنسایە 458 کەس چووەتە دەنگدان. ئەگەر ئەو کاتەی ماوە دەنگنەدەین ئەوا کورسییەک لە بازنەی یەک دەدۆڕێنین".