بە ئامادەبوونی بارزانی 13یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر کرایەوە
رووداو هەولێر
بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی لە هەولێر 13یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب کرایەوە، کە 200 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە زیاتر لە 30 وڵاتەوە کتێبەکانیان نمایشکردوون.
کاژێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 10-10-2018، 13یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر کرایەوە.
هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو دەڵێت، پێشانگەکە بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە نووسەر و ئەدیب و رۆشنبیرانی شاری هەولێر کرایەوە، کە زیاتر لە 200 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە زیاتر لە 30 وڵات، کتێبەکانیان تێدا نمایشکردووە.
نیان ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی چاپ و پەخشی کتێب لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، لە لێدوانێکدا بە رووداوی راگەیاند: "ناونیشانی کتێبەکانی 13یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر ئەمساڵ زۆربەیان کتێبی فەلسەفی و ئەدەبی و سیاسین، رێگری لە هێنانی ئەو کتێبانەش کراوە، کە دەبنە هۆی بڵاوکردنی ئیرهابی فیکری".