لە چۆمان بەشێک لە خەڵک خانووەکانیان دەفرۆشن و روو لە شارەکانی دیکە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەنگەر سەڵاح، پیشەی مامۆستایە لە چۆمان، خانووەکەی بۆ فرۆشتن نمایشکردووە و دەیەوێت زێدی دایکبوونی بەرەو هەولێر جێبهێڵێت؛ هەروەها هۆکاری کۆچەکەی نەبوونی کارە بۆ منداڵەکانی.
سەنگەر سەڵاح دەڵێت، "کار نییە بۆ منداڵەکانم، دوو کوڕی گەنجم هەن و کچەکەشم لە کۆلێژە لە هەولێر تێچووی دەوێت ئەم دوورە دەستییە."
بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، حەوت هەزار و 168خانوو لە سنووری قەزای چۆمان هەن، بەپێی ئامارەکانی یەکەی کارگێری ناوچەکەش زیاتر لە هەزار خانوو لە ناوچەکە بۆ فرۆشتن نمایشکراون و لە ماوەی کەمتر لە چوار ساڵی رابردووشدا زیاتر لە 600 خێزان ناوچەکەیان جێهێشتووە.
کڕیاری خانووەکان کەمن، کرێی مانگانەی هیچ خانوویەکیش ناگاتە 200 هەزار دینار. سەعید بێشەیی، پێشمەرگەی خانەنشینە و دەڵێت، "من کاتی خۆی کارم دەکرد 100 سەر ئاژەڵم هەبووە 50یان مەرەزبوون، منداڵەکان پێگەیشتن فرۆشتیان و ئێستا مریشکێکمان نییە."
عەبدوڵڵا شۆرەیی، کاسبکارێکە لە چۆمان و دەڵێت، "کار نییە تەنها سنوورەکەمان هەیە ئەویش رێگە بە هەموو کەس نادەن بچێت کاری لێبکات."
قابیل حەسەن، کاسبکارێکی دیکەی چۆمانە و دەڵێت، "من بەنیازم ماڵم باربکەم و بچمە هەولێر، لێرە کارم نییە و ناچارم بە دوای کاربکەوم."
چۆمان خاوەن بەرزترین تاڤگە و بەرزترین لوتکەی چیایە، چوار وەرزی ساڵ بەفری لێیە، نزیکەی 100 ناوچەی گەشتیاری تۆمارکراوی لێن، سەرچاوەی ئاوی زۆر و زەوی بە پیتی هەن، هەروەها خاوەن دەروازەیەکی سنووری نێودەوڵەتیشە.
ئیبراهیم گەلەژێری، فەرمانبەرێکە لە چۆمان و گوتی، "بە بڕوای من حکومەت و کەرتی تایبەت بتوانن کارێک بکەن لە رووی بەرهەمی سپیایی یان پڕۆژەی دیکەی وەبەرهێنان دەتواندرێت پێش بەو کۆچە بگرن."
چۆمان دڵی باڵەکایەتییە، ناوەندی کارگێڕی هەر چوار شارۆچکەکانی حاجی ئۆمەران، قەسرێ، گەڵاڵە و سمیلانە. سوارە ئەکرەم، قایمقامی قەزای چۆمان بە رووداوی گوت: بەهۆی وابەستیەیی خەڵک بە مووچەی دەوڵەت و حکومەت رەنگە ئەو گرفتە هەر بەو ئاستە بمێنێتەوە.. سیاسەتێکی گشتگیری حکومەت لە رووی چاکسازییەوە هەیە کە قۆناخ بە قۆناخ کاردەکرێت بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەین کە کۆچی پێچەوانە دەستپێبکاتەوە نەک خەڵکی ناوچەکە جێبهێڵن.