هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێلی تایبەت و پاسی گەشتیاری لە دەروازەی حاجی ئۆمەران رادەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەڵێت، بەهۆی هاتووچۆی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن، هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێلی تایبەت و پاسی گەشتیاری بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ماوەی 15 رۆژ رادەگیرێت.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ئەمڕۆ شەممە، 10-08-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارەکە ئەمڕۆ دەرکراوە، هەر ئەمڕۆ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بۆ 15 رۆژ بەردەوام دەبێت.
دەروازەی حاجی ئۆمەران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هاتووچۆی گەشتیاری بێ ئۆتۆمبێلی تایبەت و پاسی گەشتیاری ئاساییە و دەروازەکە 24 کاژێر بە رووی گەشتیاراندا کراوەیە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لەبەر هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسین و گرتنەبەری رێکارەکان، هاتن و چوون بە پاسی گەشتیاری و ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ ماوەی 15 رۆژ رادەگیرێت، تاوەکو کۆتایی پرۆسەی هاتووچۆی زیارەتکارانی ئیرانی".
جگە لە حاجی ئۆمەران، دوو دەروازەی دیکەی نێودەوڵەتی لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا هەن، ئەوانیش باشماخ و پەروێزخانن.
چلەی ئیمامی حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێت و ئەم ساڵ دەکەوێتە 25ـی ئاب.
سەیید کەمال هادیانفەڕ، سەرۆکی لیژنەی تایبەت بە رێورەسمی چلەی ئیمام حسێن لە وەزارەتی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران دەڵێت، "ئەم ساڵ بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن چوار ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیمان روو لە عێراق دەکەن کە 62٪یان بە رێگەی وشکانی و 38٪یش لە رێگەی فڕۆکەوە گەشتەکە دەکەن".