تیروپشک بۆ لیست و بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ تیروپشک بۆ پێدانی ژمارە بەو لیست و بەربژێرانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت کە تاوەکو ئێستا ژمارەیان پێنەدراوە.
بۆتان شێرکۆ جاف، بەرپرسی تەکنیکیی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تیروپشکەکە ئەمڕۆ لە شاری هەولێر دەکرێت و بۆ ئەو لیست و بەربژێرانەیە پێشتر ژمارەیان پێ نەدرابوو.
رۆژی 8ی نیسان کۆمیسیۆن تیروپشکی بۆ ژمارەیەک هاوپەیمانێتی، حیزب، بەربژیری سەربەخۆ و کۆتا کرد. ئەو کات بەشێک لە پارت و بەربژێرەکانیش ناویان پێشکێش نەکردبوو.
دیارترین ئەو لیستانەی ئەمڕۆ ژمارەیان پێدەدرێت پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشێکی پێکهاتەکان و بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانن.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 139 لیست بەشداری دەکەن کە پێکدێن لە 2 هاوپەیمانێتی، 13 پارت، 85 بەربژێری تاکەکەسی، 39 بەربژێری پێکهاتەکان.
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، پارت و هاوپەیمانێتییەکان ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بکرێت.