زۆرینەی خوێندکارانی زانکۆی سەلاحەدین بۆ یەکپۆشی رەنگی رەش و سپییان بەلاوە پەسندترە
رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی سەلاحەدین وەکو یەکەم زانکۆ لە هەرێمی کوردستان سیستمی یەکپۆشیی خوێندکارانی بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2022 - 2023 پەسند کرد.
لە ساڵی نوێی خوێندندا خوێندکارانی زانکۆی سەلاحەدین بە جلوبەرگی رەنگی رەش و سپی یان رەساسی و سپی دەچنە زانکۆ، دوای دوو جار سزادان لە کاتی جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە، زانکۆ خوێندکارەکە بۆ هەفتەیەک دووردەخاتەوە.
بۆ زانکۆی سلێمانیش بەگوتەی د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆکە بۆ کاروباری خوێندکاران، زۆرینەی خوێندکاران لەگەڵ یەکپۆشیدان، بۆ یەکلاییکردنەوەی بڕیارەکەش چاوەڕوانی ئەنجامی راپرسییەک دەکەن، کە دەستیانپێکردووە.
هەروەها زانکۆکانی دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان و چەرموو چاوەڕوانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی زانکۆکانیان دەکەن بۆ بڕیاردان لەبارەی یەکپۆشییەوە دوای وەرگرتنی رای خوێندکارەکانیان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەسەڵاتی ئەو بابەتەی داوەتە ئەنجوومەنی زانکۆکان، بەڵام دوای وەرگرتنی رای خوێندکاران، بڕیارەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ پەسندکردنیان.
بڕیارەکەی زانکۆی سەلاحەدین لەبارەی یەکپۆشییەوە دوای راپرسییەکی ئەلیکترۆنی هات کە تێیدا زانکۆکە بۆچوونی خوێندکارانی وەرگرتبوو.
بەپێی ئەنجامەکانی راپرسییەکە 70.6%ی خوێندکاران بە یەکپۆشی رازی بوون و رێژەی 29.4%ی رازی نەبوون.
لەبارەی رەنگەکانیشەوە رێژەی 74.6%ی خوێندکاران رەنگی رەش و سپییان لە سپی و رەساسی پێ باشتربوو.
رێژەی 70.9%ی خوێندکاران پێیانوابووە یەکپۆشی بارگرانی لەسەر خێزانەکانیان کەم دەکاتەوە و زیاتر لە 58%یش بە باشیان زانیوە جیاوازی لەنێوان رەنگی کوڕان و کچان هەبێت.
بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ دژی پەیڕەوکردنی سیستمی یەکپۆشین و بە بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانی دەزانن.
لەگەڵ ئەوەی هێشتا زانکۆ ئەهلییەکان رێوشوێنەکانی راپرسی بۆ پەیڕەوکردنی یەکپۆشییان دەستپێنەکردووە، بەڵام پێناچێت ئەو زانکۆیانە ئەو هەنگاوە بنێن.