شایستەی دارایی وانەبێژان دابەش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، یەکشەممە و دووشەممەی داهاتوو شایستەی دارایی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
 
عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی هەفتەی داهاتوو تەواوی وانەبێژانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، خوێندنی کوردی لە کەرکووک و شنگال شایستەی دارایی مانگی چوار وەردەگرن".
 
بەگوێرەی رێنوێنیی ژمارە 14ی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دیبلۆمن، مووچەیان 350 هەزار دینارە و هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 400 هەزار دینار وەردەگرن.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 هەزار و 543 وانەبێژە، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کە 9ی تەمووز بڵاوکرایەوە، ئەمڕۆ ئەم شوێنانە مووچەی مانگی شەش وەردەگرن: وەزارەتەکانی تەندروستی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دارایی و ئابووری، ناوخۆ، ب. گشتی رەگەزنامە، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، دیوانی چاودێریی دارایی و مافی مرۆڤ.
 
هەروەها سبەی وەزارەتەکانی پەروەردە، داد، ئەنجوومەنی دادوەری، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سرووشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار، پلاندانان، رۆشنبیری و لاوان، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران مووچە وەردەگرن.
 
وەزارەتەکانی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە لیستی مووچەکەدا نین. وەزارەتی دارایی لەوبارەیەوە دەڵێت، "تەمویلەکەیان لە بەغداوە نەهاتووە و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی دروست بووە."
 
لیستەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80ی تێدا نەبوو، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەغدا دەڵێت: "وردبینیی تێدا دەکرێت و دەبێت چارەسەر بکرێت."