وەزارەتی دارایی: مانگی داهاتوو مووچەخۆرانی سلێمانی و دهۆک لەڕێگەی 'هەژماری من' مووچە وەردەگرن
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە مانگی داهاتووەوە مووچەخۆرانی پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆکیش هاوشێوەی هەولێر، لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە مووچە وەردەگرن.
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 10-7-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە لە پارێزگای هەولێر لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە مووچەیان وەرگرت.
32 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەمەودوا لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە مووچە وەردەگرن.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، "مانگی داهاتوو مووچەخۆرانی پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانیش هاوشێوەی مووچەخۆرانی هەولێر لە رێگەی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن".
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کە 9ـی تەممووز بڵاوکرایەوە، ئەمڕۆ ئەم شوێنانە مووچەی مانگی شەشیان وەرگرتووە: وەزارەتەکانی تەندروستی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دارایی و ئابووری، ناوخۆ، ب. گشتی رەگەزنامە، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دیوانی چاودێریی دارایی و مافی مرۆڤ.
هەروەها سبەی وەزارەتەکانی پەروەردە، داد، ئەنجوومەنی دادوەری، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سرووشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار، پلاندانان، رۆشنبیری و لاوان، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران مووچە وەردەگرن.
وەزارەتەکانی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە لیستی مووچەکەدا نین. وەزارەتی دارایی لەوبارەیەوە دەڵێت: "تەمویلەکەیان لە بەغداوە نەهاتووە و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی دروست بووە."