عەممار حەکیم داوا دەکات پارتی و یەکێتی لەسەر یەک بەربژێری سەرۆککۆمار رێکبکەون
رووداو دیجیتاڵ
هەمووان چاوەڕێى ئەو کەسەن کە بۆ ئەم خولە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا وەکو سەرۆککۆمار دەستبەکار دەبێت. تۆپى یەکلاکردنەوەى ئەو پرسە لە گۆڕەپانى یەکێتى و پارتی-دایە کە هەردووکیان بەربژێریان بۆ ئەو پۆستە هەیە.
تیرەکانى رەخنەى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگییش روو لە دوو پارتە سەرەکییەکەی باشووری کوردستانە و خەریکە ئۆباڵى پێکنەھێنانى حکومەت لە بەغدا دەخەنە ئەستۆى رێکنەکەوتن لە نێوانیان.
عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی دەڵێت، "داوا لە برایانی هەرێمی کوردستان دەکەین و هانیان دەدەین بۆئەوەی پەلە بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێری پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار، بە بەرپرسیارێتییەکی گەورەوە سەیری ئەم بەرکەوتە نیشتمانییە بکەن، هەروەک سەردەمی خەبات و قۆناخەکانی پرۆسەی دامەزراندنی دیموکراسی لە عێراقدا."
قەیس خەزعەلى، ئەمیندارى گشتیى عەسائیبی ئەهلی حەق کە یەکێکە لە سەرکردەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى رەخنەکانى لەو بابەتە قورستر بوو و دەڵێت، "ناکۆکیى نێوان لایەنە کوردییەکان لە ناکۆکیى نێوان شیعەکان قووڵترە، هەموو چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەگەڵ ئەوەدان کورد کۆببنەوە و لەسەر پۆستى سەرۆککۆمار رێکبکەون. کورد لەسەر کام بەربژێر رێکبکەون ئێمە کێشەمان لەگەڵی نییە، ئەگەریش رێکنەکەوتن، دەبێت هەریەکەیان بەربژێرى خۆی بهێنێتە پەرلەمان و بە دەنگدان یەکلا بکرێتەوە، زۆر چاوەڕوانى کورد ناکەین."
بەرهەم ساڵح، بەربژێرى یەکێتییە، پارتی-یش رێبەر ئەحمەدى بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە؛ تاوەکو ئێستا کەسیان دەستبەردارى بەربژێرەکانیان نەبوون بۆ ئەوی دیکەیان.
سەعدى ئەحمەد پیرە، ئەندامى مەکتەبی سیاسیى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "ئێستا گفتوگۆکان لە قۆناخێکی پێشکەوتوودان، ئێمە وەکو کورد پێویستە هەوڵی ئەوە بدەین دوانەکەوین، من پێم باشە لە پرسی سەرۆککۆمار هێندە ورد نەبینەوە و ئەوەندە بە گرنگی وەرنەگرین، چونکە بە یەک بەربژێر بچینە پێشەوە زۆر باشترە لەوەی بە دوو بەربژێر بچین."
چاوەڕوان دەکرێت دواى جەژنى قوربان یەکێتى و پارتى کۆببنەوە، پۆستى سەرۆکۆمار یەکێک دەبێت لەو پرسانەى گفتوگۆى لەسەر دەکەن.
ناکۆکیى نێوان شیعەکان لەسەر پۆستى سەرۆکوەزیران کەمتر نییە لەوەى لەنێوان یەکێتى و پارتى لەبارەى سەرۆککۆمار هەیە. چاوەڕوان نەکردنى کورد لەلایەن چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ پێکهێنانى حکومەت ئەگەرێکە گەر خۆیان لەسەر ئەو پرسە رێکبکەون.
ئەحمەد کانی، ئەندامى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "راستە کێشە لە هەرێمی کوردستان هەیە، لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار بێت یاخود شتی دیکە، بەڵام کێشەی گەورە لە عێراقە و شیعەکان خۆیان پێکنایەن، شیعە و سوننە پێکنایەن، سوننەکان پێکنایەن، بۆ ئەوە دەخرێتە ئەستۆی هەرێمی کوردستان؟ ئەگەر ئەوان پێکبێن، باوەڕ بکە لەسەر هەرێمی کوردستان راناوەستن."
نۆ مانگە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق ئەنجام دراوە؛ پەرلەمان نەیتوانیوە سەرۆککۆمار هەڵبژێرێت، کە زیاتر لە 50 بەربژێر هەن. دواى جەژنى قوربان ئەنجامى گفتوگۆکان لەبارەى ئەو پۆستە دەردەکەون کە بەبێ یەکلاکردنەوەى، شیعەکانیش ناتوانن حکومەتە چاوەڕوانکراوەکەیان پێکبهێنن بەوپێیەى سەرۆکوەزیران پێویستى بە راسپاردنە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە.