هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە تەندروستی ناجێگیرە

 
رووداو دیجیتاڵ

زاهیر عەبدوڵڵا، هونەرمەندی شانۆ و درامای کوردستان، بۆ دووەم جار لە چوار ساڵدا تووشی شێرپەنجە بوو. برایەکی دەڵێت، تەندروستی ناجێگیرە.
 
مەعرووف عەبدوڵڵا، برای هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جاری یەکەم زاهیری برام لە ساڵی 2020 تووشی شێرپەنجەی قۆڵۆن بوو، بەڵام بە تەواوی تێیپەڕاند و ئەمجارەش گرێیەک لە سەریدا دروستبووە."
 
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا خدر لە ساڵی 1958 لە گەڕەکی تەیراوەی شاری ھەولێر لەدایکبووە، یەکێکە لە هونەرمەندە دیارەکانی کوردستان، کە لە چەندین دراما و شانۆدا بەشداری کردووە.
 
مەعرووف عەبدوڵڵا دەڵێت، هەفتەی رابردوو براکەی سەری سووڕاوە و دوای سەردانیکردنی پزیشک و پشکنین بۆی، دەرکەوتووە تووشی شێرپەنجە بووەتەوە. گوتیشی، "لە چوار ساڵی رابردوودا کەمتەرخەمیی کردووە و پشکنینی نەکردووە بۆ زانینی تەندروستیی خۆی، بۆیە پێشوەختە بە نەخۆشییەکەی نەزانیوە."
 
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا لە ساڵی 1972 بۆ یەکەمجار بەشداریی شانۆگەرییەکی کردووە بەناوی "ئەنجامی پوڵپەرستی." دواتر بەشداریی دەیان شانۆگەری، دراما و فیلمی سینەمایی کردووە.
 
هونەرمەندەکە دوێنێ لە نەخۆشخانەی رزگاری لە شاری هەولێر دەرزیی کیمیایی بۆ کراوە و رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە. براکەی دەڵێت، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا نەشتەرگەریی سەری بۆ بکرێت.