یەکێتیی زانایان بۆ حاجییان: گۆشت گرانە و لە کوردستان قوربانیی بکەن
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان داوا لەو هاونیشتمانیانە دەکات، کە بۆ حەجکردن لە سعودیەن، قوربانییەکانیان لە هەرێمی کوردستان بکەن. بەرپرسێکی یەکێتییەکە دەڵێت: شەرع رێگەی داوە وەکیلەکانیان لە هەرێمی کوردستان قوربانی بکەن.
16ـی ئەم مانگە، یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە؛ لەم جەژنەدا ئەو کەسانەی لە سعودیە حەج دەکەن و موسڵمانان بە سەربڕینی ئاژەڵێک قوربانی دەکەن. کاتی قوربانیکردن لەدوای نوێژی جەژنەوە دەستپێدەکات و تاوەکو خۆرئاوابوونی چوارەم رۆژی جەژن بەردەوام دەبێت.
لە راگەیێندراوەکەی یەکێتی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستاندا کە ئەمڕۆ دووشەممە، 10-06-2024، بڵاوکراوەتەوە، داوا لەو کەسانە کراوە بۆ حەجکردن لە سعودیەن "بە لەبەر چاوگرتنی گوزەران و دۆخی خەڵکی کەمدەرامەت و بواری ئابووری نێوخۆیی، هەوڵبدەن قوربانیەکانیان لە کوردستان ئەنجام بدەن".
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، بەرپرسی راگەیاندنی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ گۆشتی سوور نرخی بەرزە، دۆخی ئابووری خەڵکیش باش نییە بۆیە داوامان کردووە حاجیان قوربانییەکانیان لە کوردستان بکەن، کە لە رێگەی وەکیلەوە دەتوانن ئەنجامی بدەن و هیچ کێشەیەکی شەرعیی نییە."
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەوە چوونەتە سعودیە بۆ حەج کردن. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی دەڵێت، لە رێگەی ئەنجوومەنی فەتواوە لە سعودیە، هەموو حاجییەکانیان لە داواکەیان ئاگادار کردووەتەوە.
بەرپرسی راگەیاندنی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتیی زانایان گوتی، ساڵانە هەزاران سەر ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان دەکرێنە قوربانی، بەڵام چونکە هیچ کەسێک لە دەزگەیەک ناوی تۆمار ناکات کە قوربانی دەکات، نازاندرێت رێژەی قوربانی دەگاتە چەند سەر ئاژەڵ لە جەژنی قورباندا.
لە راگەیێندراوەکەی یەکێتی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستاندا هاتووە، "خوشک برا حاجیەکانمان نزیک دەبنەوە لە مەوسیمی حەج، ساڵانەش لەبەر پابەندی ئایینیی؛ خەڵکێکی زۆر سوننەتی قوربانی ئەنجام دەدەن، کە خێر و سوننەتێکی گەورە و بە دەمەوەچوونی فەرمانی خوای گەورەیە"؛ لەو چوارچێوەیەدا قوربانییەکانیان لە کوردستان ئەنجام بدەن.
جیا لەو ژمارە هاونیشتمانییەی لە هەرێمی کوردستان بە ڤیزەی حەج لە سعودییەن، ژمارەیەک هاونیشتمانی دیکەش کە بە"هەزاران" کەس ناودەبرێن بە ڤیزەی یەکساڵی چوونەتە سعودیە بۆ بە جێگەیاندنی فەریزەی حەج.