سەندیکای پزیشکانی ددان: بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی دکتۆر دونیا دەکەین

10-06-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوو رۆژە پزیشکێکی ددان لە سلێمانی دەستگیرکراوە. پۆلیس دەڵێت، پزیشکەکە سووکایەتی بە کارمەندەکانیان کردووە، بۆیە دەستگیرکراوە. سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای پزیشکانی ددانیش دەڵێت، بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەکە کردووە و بەردەوام دەبن.
 
دونیا عادل، پزیشكی ددانە و دانیشتووی شاری سلێمانییە لە بواری راگەیاندندا كار دەكات و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش چالاکە. لە دوێنێوە دەستگیرکراوە. ئەمڕۆ 10ـی حوزەیران، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆش دەوام تەواو بووە و پزیشکەکە ئازاد نەکراوە و لە زینداندا ماوەتەوە".
 
لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەوە سەرکەوت ئەحمەد گوتی، "دکتۆر دونیا چووە لە بنکەی پۆلیسی ئەزمڕ لە شاری سلێمانی گوتەی لێ وەربگیرێت؛ هەندێک رێکار هەن بە بڕیاری دادوەرن، دیارە ئەویش پێی ناخۆش بووە و سووکایەتی بە پۆلیسەکان کردووە و قسەی پێگوتوون."
 
پۆلیسەکان لە دەوامی فەرمیدا بوون و سکاڵایان لەسەر پزیشکەکە تۆمار کردووە و دادوەریش "بەگوێرەی مادەی 229 کە تایبەتە بە دەستدرێژیکردنە سەر فەرمانبەر لە کاتی ئەرکدا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە."
 
د.سەنگەر سەرچڵ، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای پزیشکانی ددان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەدواداچوونیان بۆ کەیسی دونیا عادل، پزیشکی ددان کردووە و تاوەکو ئازادکردنی بەردەوامی بە بەدواداچوونەکانیان دەدەن.
 
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای پزیشکانی ددان گوتی، "ئەو پزیشکە کێشەیەکی کەسی هەبووە و لەو شوێنەی ویستوویانە کێشەکەی تێدا چارەسەر بکەن ئاڵۆزی دروستبووە؛ بەگوێرەی ئەو مادەیەی پێی تۆمەتبارکراوە کێشەی لەگەڵ یەکێک لە کارمەندەکان دروستکردووە و ئەویش بەگوێرەی ئەوەی لە دەوامی فەرمیدا بووە سکاڵای تۆمار کردووە و پزیشكەکە دەستگیرکراوە".
 
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای پزیشکانی ددان گوتی، بەردەوامی بە بەدواداچوونەکانیان دەدەن. گوتیشی، ئەو پزیشکەی ددان ئێستا لە گرتن و گواستنەوەی سلێمانی زیندانی کراوە.
 
دونیا عادل، لە بواری راگەیانیشدا کار دەکات، بەڵام سەنتەری میترۆ دەڵێن، دەستگیرکردنەکە پەیوەندی بە کاری میدیاییەوە نەبووە.
 
دیاری محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو پزیشکە بەهۆی کێشەی کەسییەوە دەستگیرکراوە، لە پۆلیس بەدواداچوونمان بۆ کەیسەکەی کرد، ئەوەی بۆمان دەرکەوتووە هیچ پەیوەندی بە راگەیاندن و ئازادی رادەربڕینەوە نییە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

خۆپێشاندان لە دێرسم قەدەخە کرا

دوای دانانی قەییووم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارۆچکەی پلوور لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان، خۆپێشاندان و گردبوونەوە لەو پارێزگایە و خارپێت قەدەخە کرا