پێشنیاز کراوە دواى جەژن ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کۆببێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە پێکهاتەکانى کەرکووک دەڵێن، کۆدەنگى هەیە دواى جەژنى قوربان یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا بکرێت، بەڵام یەکێتى لەو کۆبوونەوەیە ئاگادار نەکراوەتەوە.
کۆبوونەوەى 9ى حوزەیرانى نێوان شاندى پارتى دیموکراتی کوردستان و ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکى فراکسیۆنى تورکمانى لە پەرلەمانى عێراق بۆ تاوتوێکردنى ئەنجامدانى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بوو، کە زیاتر لە پێنج مانگە دواکەوتووە.
ئەحمەد رەمزى کۆبرلو، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە بەرەى تورکمانى یەکگرتوو، کە ئامادەى کۆبوونەوەکە بووە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "رێککەوتن لەگەڵ پارتى کراوە بۆئەوەى دواى جەژنى قوربان یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا بکرێت و کۆدەنگى لەنێوان لایەنەکانیش لەبارەى ئەو کۆبوونەوەیە هەیە."
بەگوێرەى یاسای پارێزگاکان، کۆبوونەوەى یەکەمى ئەنجوومەن بۆ دیاریکردنى سەرۆکى ئەنجوومەن و جێگرەکەى دەبێت و لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. پەروین فاتیح، ئەندامى فراکسیۆنى یەکێتی کۆبوونەوەکە دەکات.
پەروین فاتیح ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "تاوەکو ئێستا بە فەرمى لەبارەى ئەو کۆبوونەوەیەى دواى جەژنى قوربان ئاگادار نەکراوینەتەوە، بەڵام دەنگۆ ئەوەیە کە 1ى تەممووز بێت."
بەگوێرەى یاسا 5ی شوبات دوا وادە بووە بۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لەسەر داواى پارێزگار. کۆبوونەوەى ئەنجوومەنەکە پێویستى بە ئامادەبوونی زۆرینەیە کە نۆ ئەندامە.
عەزام حەمدانى، ئەندامى هاوپەیمانیى عەزمى عەرەبی سوننە دەڵێت، پێشنیازى 1ى تەممووز کراوە بۆ یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا و بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "کۆدەنگى لەنێو عەرەبە سوننەکانیش هەیە بۆئەوەى دواى جەژنى قوربان یەکەم کۆبوونەوە بکرێت."
ئەنجامدانى ئەو کۆبوونەوەیە هەنگاوى یەکەمە بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک کە تاوەکو ئێستا پێکهاتەکان لەبارەیەوە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بەهۆى پۆستى پارێزگار کە هەر سێ پێکهاتەى کورد و عەرەب و تورکمان داواى دەکەن.
30ى ئایار محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەرى پێکهاتەکانى کەرکووک کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی پێکھێنانى حکومەتى خۆجێیی شارەکە.
پەروین فاتیح گوتى، "سوودانى ماوەى دوو هەفتەى وەکو دەرفەت داوە بۆ رێککەوتنى لایەنەکان و 14ى حوزەیران کۆتایی دێت. ئەگەر تاوەکو ئەو رۆژە نەگەیشتنە رێککەوتن، حکومەتى فیدراڵى خۆى دەست لە پرسەکە وەردەدات بۆ رێککەوتن."
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووکدا یەکێتى پێنج کورسیی بەدەستهێنا و براوەى یەکەم بوو، هاوپەیمانیى عەرەبی سێ کورسیی بەدەستهێنا، هەریەک لە پارتى، بەرەى تورکمانى، هاوپەیمانیى قیادە هەریەکەو دوو کورسییان بەدەستهێنا؛ هاوپەیمانیى عرووبە یەک کورسی و بابلیون کورسیى کۆتایی ئەنجوومەنەکەى بردەوە.
عەزام حەمەدانى دەڵێت، "لێکتێگەیشتنەکە وایە، یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا بکرێت و دواتر دانوستاندن بۆ حکومەتى خۆجێیی بکرێت، نەوەک ئەو کۆبوونەوە هاوکات بێت لەگەڵ رێککەوتن لەبارەى حکومەتى خۆجێیی."