لە هەفتەیەکدا داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە 61٪ کەمی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی هەفتەیەکی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین زیاتر لە 10 ملیار دینار بووە، بەراورد بە هەفتەیەک پێشتر، زیاتر لە 61% کەمی کردووە.
ماڵپەڕی شەفافیەت بڵاویکردەوە، لە 04ـی ئایار تاوەکو ئەمڕۆ هەینی، 10ـی ئایاری 2024، داهاتی سنوورەکە 10 ملیار و 506 ملیۆن و 972 هەزار و 708 دینار بووە.
بەگوێرەی ئەو ماڵپەڕە، داهاتی هەفتەی پێشووی سنوورەکە 27 ملیار و 458 ملیۆن و 36 هەزار و 537 دینار بووە.
داتاکان داهاتە نانەوتییەکانی خستووەتەڕوو. بە گوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی نانەوتیی ئەو سنوورانە لە ساڵی 2023دا زیاتر لە یەک تریلیۆن و 173 ملیار و 996 ملیۆن دینار بووە.
داهاتی نێوخۆ جگە لە خەرجیی فەرمانگەکان، پێشتر بۆ دابینکردنی ئەو کورتهێنانە خەرج دەکرا کە بۆ پێدانی مووچە دروست دەبوو. بەگوێرەی رێککەوتنی نوێی هەولێر و بەغدا، لەمەودوا داهاتی نێوخۆی نانەوتی رادەستی بەغدا دەکرێت.
رۆژی 15-12-2022 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماڵپەڕی شەفافیەتی راگەیاند.
ماڵپەڕی شەفافیەت لە هەشت بەش پێکدێت و لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دروشمەکەی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"ـە.