شەپۆلێکی لاوازی باران و خۆڵبارین باشووری کوردستان دەگرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت؛ پلەی گەرما بەراورد بە دوێنی یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبێتەوە. کەشناسێکێش دەڵێت، یەکشەممەی داهاتوو شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچەکە دەگرێتەوە.
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسیی دەڵێت، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت: "شەو دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ ئەگەری نمەباران، بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەكان".
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی شەپۆلێکی لاوازی بارانبارین ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەگرێتەوە. هەروەها رۆژی دووشەممە شەپۆلێکی هاوشێوەی لاواز پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەگرێتەوە.
 
بە گوتەی ئەو کەشناسە، رۆژی یەکشەممە شەپۆلێکی خۆڵبارین باشووری کوردستان دەگرێتەوە کاریگەریی زیاتری لەسەر کەرکووک، پارێزگای نەینەوا و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەبێت. هەروەها لە تەواوی هەرێمی کوردستان کاریگەریی خۆڵبارین دەبێت، بەڵام بە لاوازی.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەراورد بە ئەمڕۆ، سبەی پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلەی دیکە بەرز دەبێتەوە و بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 30 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 29 پلەی سیلیزی
دهۆک: 30 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 32 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 31 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 34 پلەی سیلیزی
سۆران: 29 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 19 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 35 پلەی سیلیزی