ئاڵۆزییەکانی پەلکانە بەردەوامە و رێگە نادرێت جووتیارانی کورد دروێنەی گەنمەکانیان بکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
ئاڵۆزییەکانی نێوان جووتیارانی کورد و عەرەبی هاوردە لە گوندی پەککانە و سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک بەردەوامە. سەرۆکی لێژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی ناوچەکە دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ رێگەنەدراوە جووتیارانی کورد لە چەند گوندێک دروێنە بکەن.
 
بە بڕیاری هێزێکی سوپای عێراق، رێگری لە دروێنەکردنی گەنم لە سنووری پێنج گوندی ناحیەی سەرگەڕان لە 28ـی مانگی رابردووەوەوە کراوە و لەو کاتەوە دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزە.
 
ئەمڕۆ هەینی 10ـی ئایاری 2024 محەممەد ئەمین، سەرۆکی لێژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو هێزە رێگری دەکەن دەڵێن فەرمانیان بۆ هاتووە و بە فەرمانیش رێگەی دروێنە دەدەن".
 
بڕیاری قەدەخەکردنی دروێنە لەلایەن فەرماندەی یەکەی 8ی سوپای عێراقەوە دراوە. زەوی ئەو پێنج گوندەی رێگەی دروێنەیان نادرێت نزیکەی 50 هەزار دۆنمە.
 
جووتیارانی کورد پەرلەمانتارانی کوردستانیان لە پەرلەمانی عێراق ئاگادار کردووەتەوە لە کێشەکە. محەممەد ئەمین دەڵێت، بڕیاردراوە لیژنە بنێردرێتە سنوورەکە، بەڵام نە کاتەکەی دیارە و نە ئەندامەکانی.
 
 
لە هەفتەی رابردووەوە چەند عەرەبێکی هاوردە لە سنووری گوندی پەلکانە لە سەرگەڕان خێوەتیان هەڵداوە و ناڕەزایی دەردەبڕن. سەرۆکی لێژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت: "بەشێکی زۆری ئەوانەی خێوەتیان هەڵداوە هەر خەڵکی سنوورەکە نین و هاتوون ئەوانیش داواکارییان هەیە".
 
ئەوانەی خێوەتیان هەڵداوە بەشێکیان داوای زەوی دەکەن، بەشێکیشیان داوای خانوو و دەکەن و هەندێکیش داوای قەرەبووی مادەی 140 دەکەن، هەمووشیان عەرەبی هاوردەن.
 
ئاڵۆزیی لە سنوورەکە بەردەوامە و ئەمڕۆ هێزی زیاتری سوپای عێراق و هێزە جیاکانی دیکەی عێراق لە سنوورەکە جێگیرکراون. محەممەد ئەمین گوتی، ئەوانیش پارێزگاری لە زەوییەکانیان دەکەن و لە سنوورەکە گردبوونەتەوە.
 
سەرۆکی لێژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت، ئەمڕۆ دوو کەس لە پاسەوانانی زەوی جووتیارانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و "بڕیارە" هەر ئەمڕۆ ئازاد بکرێن.
 
گوندی پەلکانە دەکەوێتە رۆژئاوای کەرکووک و سەر بە شارەدێی سەرگەڕانە. لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، عەرەبی هاوردە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی زەویی جووتیارانی کورد دەدەن، کوردیش بەردەوام رێگریی کردووە.
 
سنووری ناحیەی سەرگەڕان زۆرینەی گوندەکانی کوردنشینن، لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە چەندین جار رووبەڕووی کێشە و ئاستەنگی سوپای عێراق و عەرەبی هاوردە بوونەتەوە.