وەزارەتی خوێندنی باڵا: تاقیکردنەوەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە کاتی خۆیدا دەکرێت
رووداو هەولێر
دەنگۆی دواخستنی تاقیکردنەوە بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا بڵاوبووەتەوە، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا رەتیدەکاتەوە و دەڵێ، دوانەخراوە و لەکاتی خۆیدا کە 29ـی ئەم مانگەیە، دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە 10ـی ئایاری 2023، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو دەنگۆیەکی دواخستنی تاقیکردنەوە بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا رەتدەکەینەوە، بەڵکو لەو کاتەی دیاری کراوە کە 29ـی ئایارە، تاقیکردنەوەکان بەڕێوەدەچن".
گوتەبێژی خوێندنی باڵا گوتیشی، تاوەکو ئەمڕۆ ئاماری ئەو کەسانەیان بەردەست نییە کە داواکارییان پێشکێش کردووە؛ گوتیشی: "تاقیکردنەوەکان لە تەواوی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، چونکە لە هەموو زانکۆکان دەرفەتی خوێندنی باڵا راگەیێندراوە".
بەشێکی ئەو کەسانەی خوازیاری خوێندنی باڵان، دەڵێن کێشەی جیاوازیان بۆ دروستبووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێکی داواکاریی دواخستنی تاقیکردنەوەکانیان راگەیاندووە، لە وەڵامی داواکانی ئەواندا عەباس ئەکرەم گوتی، "ئەوانەی کێشەیەکیان هەیە کاتی چارەسەر ماوە؛ پێویست ناکات کاتی تاقیکردنەوەکان دوابخرێت کە ئێستا نزیکەی 20 رۆژی ماوە".
ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە 7 هەزار کورسی راگەیاندووە کە پێکدێن لە: دوو هەزار و 308 کورسیی دیپلۆمی باڵای یەک ساڵە، 160 دیپلۆمی باڵا دوو ساڵەی پزیشکی، بۆ خوێندنی ماستەر، سێ هەزار و 312 کورسی، هەروەها بۆ خوێندنی دکتۆرا هەزار و 834 کورسی.
پرۆسەی پێشکێشکردن بۆ کورسیی ماستەر و دکتۆرا بەسەر سێ بازنە دابەش دەبێت:
بازنەی یەکەم بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵایە.
بازنەی دووەم بۆ ناوەندەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
بازنەی سێیەم بۆ پارالێڵە کە بۆ هەموو هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانبەر، دامەزراو و دانەمەزراو بۆ ئەوەی پێشکێشی بکەن.
لە 2ـی نیسان کاتی پێشکێشکردن بۆ ماستەر و دکتۆرا دەستپێکرد و تاوەکو 18ـی ئایاری 2023 بەردەوام دەبێت؛ رێککەوتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی توانستی زانستیش رۆژی دووشەممە 29ـی ئایاری 2023ـیە و دەستپێکی خوێندنیش دەکەوێتە مانگی 9.
لەکاتی پێشکێشکردن بۆ ماستەر و دکتۆرا، بڕەپارەیەک لە پێشکێشکاران وەردەگیرێت کە لەنێوان 200 بۆ 250 هەزار دینارە و لە ئەگەری ناونەهاتنەوەشدا، ئەو پارەیە بۆ پێشکێشکار ناگەڕێنرێتەوە.