پشتیوان سادق: ناچینە هەڵبژاردنێکەوە کەسانێک دیزایینیان کردبێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، ناچنە هەڵبژاردنێکەوە "پێشتر" دیزایین کرابێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەیانەوێت ئاستێک دابنێن بۆ ئەو بابەتە "نادەستووری و نایاساییانەی لەسەر هەرێمی کوردستان فەرز دەکرێن."
ئەمڕۆ (چوارشەممە 10ـی نیسان) پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە هەڵوێستی حیزبەکەی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و گوتی، "ناچینە هەڵبژاردنێکەوە کە کەسانێک دیزاینیان کردبێت."
پشتیوان سادق دەڵێت، "لە ساڵی 1992ـەوە کە هەڵبژاردن دەکرێت، حیزبی یەکەم بووین. لە هەڵبژاردنی 2021ـی پەرلەمانی عێراقدا کە پاکترین هەڵبژاردن بوو، وێڕای ئەوەی 400 هەزار کەس پەنجەمۆریان نەیخوێندەوە بۆ دەنگدان، پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی هێنا کە هیچ لایەنێک هێندەی نەهێنا. ئەو کاتە کۆتا نەبوو بڵێن پارتی لەگەڵ کۆتا ئەو کورسییانەی هێناوە."
رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ دیاریکراوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و تاوەکو ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان رەتیدەکاتەوە بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بکات. پشتیوان سادق گوتی، "کاتێک دەڵێین بەشداری ناکەین، مەبەستمان ئەوەیە ئەو بابەتە نادەستووری و نایاساییانەی لەسەر کوردستان فەرز دەکرێن ئاستێکیان بۆ دابنێنین و دەستوور دادوەر بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
پشتیوان سادق کە هاوکات وەزیری ئەوقافی هەرێمی کوردستانیشە، باسی لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "ئەو مووچانەی دراون مافی خەڵکی کوردستانن و لە ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کورستاندا دراون."
لەبارەی مووچەی مانگی چواریش وەزیری ئەوقاف گوتی، "وەزارەتی دارایی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دوای جەژن سەرقاڵی ئامادەکردنی لیست دەبن. ئومێدەوارین لەمەودوا مانگانە مووچە نەبێتە کێشە."
لە دوو هەفتەی رابردوودا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی شوبات و ئاداری ئەمساڵیان وەرگرت.