پارێزگاری هەولێر: گومانمان لە ئاگرەکەی لەنگە هەیە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، گومانیان لە ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگە هەیە و لیژنەیەک لێکۆڵینەوە لە چۆنیێتی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەکات و ئەنجامەکەی بڵاودەکاتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێداچوونەوە بە کۆمپانیای پاراستنی بازاڕەکەدا دەکەن.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 10ـی نیسان) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "هۆکاری ئاگرەکانی پێشووی لەنگە دیار بوون، بەڵام ئەم جارە بەگومانین؛ بۆیە لیژنە پێکهێندراوە کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و چۆنیێتی روودانی دەکات. لە کامێراکانیش زۆر شتی دروست هەن و دوای لێکۆڵینەوە ئەنجامەکەی دەخرێتەڕوو."
8ـی ئەم مانگە بۆ دووەم جار لە کەمتر لە دوومانگدا ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و بەو هۆیەوە 48 دووکان سووتان. ئومێد خۆشناو گوتی، لە نیگەرانی کاسبکارانی بازاڕەکە تێدەگەن و "بە دڵنیاییەوە" هۆکارەکەی هەرچی بووبێت، رایدەگەیێنن.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، داوی جەژن دەست دەکرێت بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە و بۆ ئەوەش تێبینیی کاسبکاران بە هەند وەردەگرن و بازاڕەکە رێکدەخەنەوە؛ گوتیشی، "پێداچوونەوە بە کۆمپانیای ئەمنیی شوێنەکەش دەکەین."
ئومێد خۆشناو گوتی، "هیچ گرووپێک ئامانج نییە {لە رووداوەکەدا} و هیچ گومانێکی دیاریکراویشمان نییە، بەڵام پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە."
هەر لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا پارێزگاری هەولێر باسی لەوەکرد، بەهۆی ئەوەی جەژنی نەورۆز لە مانگی رەمەزاندا بووە، هاونیشتمانیان گەشتی سەیرانگەکانیان نەکردووە و لە رۆژانی جەژندا گەشت دەکەن؛ داواشیکرد، هەمووان لەکاتی گەشت و سەیراندا ژینگە و سرووشت بپارێزن.
بازاڕی لەنگە یەکێکە لە بازاڕە قەرەباڵخەکانی شاری هەولێر. 27ـی شوباتی ئەمساڵیش ئاگر لەو بازاڕە کەوتەوە و لە ئەنجامدا 166 دووکان سووتان و نزیکەی 30 دووکانی دیکەش زیانیان بەرکەوت.