لە سنووری سلێمانی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەوە هەناردەکردنی مریشک راگیرا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری پارێزگای سلێمانی، نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو گەیشتە سەروو 5000 دینار. بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، بۆ دابەزینی نرخ هەناردەکردنیان بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق قەدەخە کردووە و ئەوەش وایکرد، نرخ بۆ کەمتر لە 4000 دینار دابەزێت. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، ئەوان بڕیاری قەدەخەی هەناردەیان نەداوە.
 
رۆژی دووشەممە 10ی نیسانی 2023 سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەم سنوورە کیلۆی مریشک لە رۆژانی رابردوودا گەیشتە 5250 دینار، بۆیە بڕیارماندا هەناردەکردنی بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق قەدەخە بکەین."
 
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی گوتیشی، بڕیارەکەیان جێگەی خۆی گرتووە و ئێستا کیلۆیەک مریشکی زیندوو 3900 دینارە. لە هەولێریش نرخی مریشک نزیکەی 4000 دینارە.
 
لەبارەی هەناردەکردنی مریشکی هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی نێوخۆ زیاترە لە پێویستیی رۆژانە؛ فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان ئاگاداری بڕیارەکەی چاودێریی بازرگانیی سلێمانی نین و بڕیاری هەناردەکردن بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە وەزارەتەکەیانەوە نەدراوە.
 
پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان 146 هەزار تۆنە، بەڵام نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەمدەهێندرێ، ئەوەی دەمێنێتەوە هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت.
 
لە هەرێمی کوردستان هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن و زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانییە کە 727 پەلەوەرخانەن؛ لە  هەولێر 576 پەلەوەرخانە، دهۆک 344 پەلەوەرخانە، هەڵەبجە 35 پەلەوەرخانە و لە گەرمیانیش 158 پەلەوەرخانە هەن.