رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی هەریری سەر بە قەزای شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر رەتیدەکاتەوە هیچ درۆنێک لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە لە نزیک فڕۆکەخانەی سەربازیی شارۆچەکەکە خرابێتە خوارەوە و دەڵێت: "ئەو تەقە و دەنگانەی ئەمڕۆ هەبوون مەشق و راهێنانی هێزەکانی هاوپەیمانان بوون."
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 10-4-2023، كاروان كەریم خان، بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر لەبارەی دەنگۆی هێرشی درۆنی بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان و بنکە و فڕۆکەخانە سەربازیی هاوپەیمانان لە نزیک ئەو شارۆچکەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ هیچ هێرشێکی درۆنی بۆ سەر شارۆچکەکە یان فڕۆکەخانەی سەربازیی هاوپەیمانان لە نزیک هەریر رووینەداوە، بەهیچ شێوەیەک راست نییە گوایە هێرش هەبووە."
بەگوتەی كاروان كەریم خان، خەڵکی ناوچەکە گوێیان لە دەنگی تەقە بووە، بەڵام دەڵێت: "تەقەکان تەنیا مەشق و راهێنانی هێزەکانی هاوپەیمانان بووە بە چەک و زوو زوو راهێنان دەکەن، ئێمە لەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆکان لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانی دەڤەرەکە قسەمان کردووە و رەتیانکردووەتەوە هیچ هێرشێکی درۆنی هەبووبێت."
بەشێک لە هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی سەربازیی هەریر نیشتەجێن کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر.
فڕۆکەخانەی هەریر لەنێوان ساڵانی 1982 بۆ 1988 لەلایەن حکومەتی بەعس، بە مەبەستی سەربازی دروستکراوە، نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەران لە سنووری ئێران دوورە و نزیکەی 200 کیلۆمەتر لە خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل لە سنووری تورکیاوە دوورە.
رۆژی 23ـی تەمموزی 2021، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر بنکەکە و دواتر وەین مارۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە رۆژی 23ی تەممووزی 2021 کاژێر 1:23 خولەکی بەرەبەیان، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی هاوپەیمانانی لە کوردستان کردە ئامانج. هێرشەکە زیانی مرۆیی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بە ئاگا دەمێننەوە و لە چوارچێوەی مافی سرووشتییاندا، بەرگری لە خۆیان دەکەن". دواتر لیوای سائیرینی سەر بە مقاوەمەی ئیسلامی هێرشەکە لە ئەستۆ گرت و لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هێرشکردنە سەر بنکەی باشوور لە نزیک هەریر لە ئەستۆ دەگرن کە بووەتە مۆڵگەی "هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکا."
ئەمڕۆ سێشەممە، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە سنووری گوندی بۆتیای نزیک بەنداوی دهۆک کەوتەخوارەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی و مادی هەبێت. بەوەش دەبێتە شەشەمین درۆن کە لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا لە سنووری دهۆک بکەوێتە خوارەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ