هێڤیدار ئەحمەد: ئەگەر داهاتی سلێمانی کۆکرابایەوە، مووچە لە ماوەی پێنج رۆژدا دابەشدەکرا

رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت بڕیار بوو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە ماوەی پێنج رۆژدا مووچەی مانگی سێ دابەش بکات، بەڵام بەهۆی کۆنەبوونەوەی داهاتەکانی سلێمانی، پرۆسەی دابەشکردنەکەی بۆ 18 رۆژ درێژکردەوە.
 
هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان، کە میوانی بەرنامەی پاشیڤی کەناڵی رووداو بوو، رایگەیاند: "پارەی نەوت و ئەو داهاتەی لە هەولێر و دهۆک کۆکراوەتەوە، هەمووی ئامادەبووە بۆ ئەوەی مووچە لە ماوەی پێنج رۆژدا دابەش بکرێت".
 
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "بەهۆی کۆکردنەوەی داهات لە سلێمانی هەندێک کێشە هەبوو و بۆ ئەوەی کێشەی مانگی شوبات دووبارە نەبێتەوە، پرۆسەی دابەشکردنی مووچە لە پێنج رۆژەوە بۆ 18 رۆژ درێژکرایەوە".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 10-04-2022 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی سێی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و پرۆسەکەش 18 رۆژ دەخایێنێت.
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری دێلفی لە یۆنانە، لەوێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەرێمی کوردستان تووشی کێشەی دارایی بووە، دوور لەوەی کە لە میدیاکان باس دەکرێت ئەوە کێشەی سلێمانی نییە، کێشەی کەمیی داهاتی کوردستانە.. لێرە داوا دەکەم واز لە سلێمانی بێنن. ئەم کێشەیە کاریگەریی لە هەموو هەرێمی کوردستان کردووە."
 
پێشتر عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، حکومەت بۆ ئەوەی لە مانگی رەمەزان دوو مووچە دابەش نەکات مووچەی مانگی سێ دوادەخات، لەمبارەوە هێڤیدار ئەحمەد گوتی: "ئەوە دەبێ حکومەت وەڵامی بداتەوە، بەڵام ئەوەی کە من لە لیژنەی دارایی پەرلەمانەوە چاودێریم کردووە هۆکارەکە کۆکردنەوەی داهاتی سلێمانی بووە".
 
بڕیاربوو پەرلەمان بانگهێشتی وەزیری دارایی بکات بۆ روونکردنەوە لەبارەی دواکەوتن و شێوازی پێدانی مووچە بە فەرمانبەران، هێڤیدار ئەحمەد دەڵێت نووسراومان بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرز کردووەتەوە و جگە لە وەزیری دارایی، بانگهێشتی وەزیری کارەباش دەکەین.
 
هیڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان، گوتی: "مانگی 12ی ساڵی پار وەزیری کارەبا لە دهۆک رایگەیاند، خەڵک با دوو مانگ دانبەخۆدا بگرن، دۆخی کارەبا باش دەبێت، ئێستا مانگی سێیە و خەڵک 22 هەزار دینار پارەی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە دەدات و کارەبای نیشتیمانی کەمتر بووەتەوە".
 
هێڤیدار ئەحمەد داوا دەکات دەسەڵاتی سلێمانی بۆ ماوەی ساڵێک بدرێتە پارتی و دەڵێت: "من بە خەڵکی سلێمانی دەڵێم، رێگە بدەن پارتی حوکمی سلێمانی بکات و بۆ ساڵێک دەسەڵاتەکەی رادەست بکەن، ئەگەر دۆخی ئێوە باش نەبوو، ئەوکات گلەییمان لێبکەن".