شاگوڵ رەوەز یەکەم ژنە لە تەقتەق رێستۆرانت دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

شاگوڵ رەوەز، خەڵکی قەزای کۆیێیە و لە دوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە ناحیەی تەقتەق نیشتەجێبووە و رێستۆرانتێکی کردووەتە، بەمەش بووەتە یەکەم ژن لە سنووری ئەو ناحیە رێستۆرانت بکاتەوە.
 
 
شاگوڵ رەوەز (23 ساڵ)، دەرچووی پەیمانگەی وەرزشییە و چوار ساڵە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و منداڵێکی هەیە، لەرێگەی یوتیوب فێری ئامادەکردنی خواردن و شیرینی بووە، دواتر کافێ و رێستۆرانتێکی کردووەتەوە.
 
لە دوای دوو ساڵ شوێنەکەی گەورەکردووە و کڕیاری زیاتری هەبووە و جگە لە خۆی، ئێستا کچێکیش لەلای کاردەکات و هیوا خوازە لە داهاتوودا دەرفەتی کار بۆ ژنانی دیکە بڕەخسێنێت.
 
دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو سەردانی رێستۆرانتەکەی لە تەقتەق کردووە و چیرۆکی ئەو ژنە خاوەنکاری خستەووتەڕوو، دواتریش لە بەرنامەی پاشیڤ لەگەڵ هاوژینەکەی محەممەد سەباح بەشداربوو.
 
شاگوڵ رەوەز، لە میانەی بەرنامەکەدا گوتی، لە دوای ئەوەی ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، سەرەتا نەیدەزانی خواردن ئامادە بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆر لە ماڵەوە دەمایەوە و تەنیا بوو، بیری لەوە کردووە لەرێگەی یوتیوبەوە خۆی فێری ئامادەکردنی شیرینی و خواردن بکات، ئەمەش بیرۆکەی ئەوەی بەدوای خۆیدا هێنا کار بکات و رێستۆرانتێک بکاتەوە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو تەنیا دەزانێت شیرینی و خواردنی وەک پیزا دەزانێت ئامادە بکات و خواردنی کوردی نازانێت. پلانی ئەوەشی هەیە لە داهاتوودا رێستۆرانتەکەی گەورە بکات و لقی لە هەولێریش بکاتەوە.
 
محەممەد سەباح، هاوژینی شاگوڵە و لە بەرنامەکەدا ئامادەبوو و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پیاو و ژن هیچ جیاوازییەکیان نییە و دەبێت پاڵپشتی ژنان بکرێت بۆ ئەوەی کاربکەن.
 
گوتیشی "هەموو کاتێک پاڵپشتی هاوژینەکەمم کردووە و ژن مافی خۆیەتی کاربکات و بێتە نێو کۆمەڵگە و نابێت تەنیا کاری ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ بێت".
 
محەممەد سەباح، دەڵێت، ئەو حەزی لە خواردنەکانی شاگوڵ نییە، چونکە حەزی لە پیزا و شیرینی نییە، شاگوڵیش لە نێو بەرنامەکەدا سەیرێکی دەکات و دەڵێت "ئەی مەقلوبەم بۆت نەکرد؟ خۆش نەبوو؟".
 
شاگوڵ سەروەر، رۆژانە لە کاژێر دووی دوای نیوڕۆ تاوەکو یەکی شەو لە رێستۆرانتەکە کاردەکەن، بەڵام لە رەمەزاندا لە دوای فتار تاوەکو دووی شەو رێستۆرانتەکە دەکەنەوە.
 
'پاشیڤ' بەرنامەیەکی دوو کاژێری تۆڕی میدیایی رووداوە و بە درێژایی شەوانی رەمەزان لە کاژێر 13:00-15:00 شەو، لە یەکێک لە خانووە کۆنەکانی ماڵباتی چەلەبی لەسەر قەلای هەولێر پێشکێش دەکرێت.
 
لە بەرنامەکەدا د. ئادەم بێدار، پێشکێشاری رووداو، شەوانە لەسەر مژارێکی ئایینی گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستایەکی ئایینی دەکات، هەروەها پەیام عەزیزی، هونەرمەند و سروودبێژی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ گرووپێکی میوزیکی شەوان سروودی ئایینی و موناجات پێشکێش دەکات و وەک پێشکێشکاریش بەرنامەش گفتوگۆ و پرسیار دەکات.
 
سەفقان ئۆرکێش، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان و پێشکێشكاری رووداو، وەک پێشکێشکار و هونەرمەند لە بەرنامەکەدا بەشدارە، بڕگەیەکی تایبەتی بەناوی 'ئایین بە کوردی' هەیە و لەگەڵ سروودبێژ و شارەزایانی بواری تەسەوف و عیرفان لە رۆژئاوای کوردستان چەند هەڤپەیڤینێکی تۆمارکردووە و لە بەرنامەکەدا پەخش دەکرێن، هەروەها گۆرانی و سروودی ئایینی پێشکێش دەکات.
 
بانوو دڵشاد، پێشکێشکاری رووداو، لەگەڵ ئەو سێ پێشکێشکارە گفتوگۆ لەگەڵ میوانەکانی 'پاشیڤ' دەکات، بەتایبەتیش لە بڕگەی ژنی خاوەن کار.