هەنگەوانێک سەرکێشی دەکات و بەشێکی جەستەی بە هەنگ دادەپۆشێت
رووداو دیجیتاڵ
هاشم عەزیز هەنگەوانێکی قەزای پێنجوێنی پارێزگای سلێمانییە، لە 1996ـەوە سەرقاڵی کاری هەنگەوانییە و بە گوتەی خۆی نزیکەی 300 کەسی فێری هەنگەوانی کردووە و رێنمایی لەبارەی ئەو پیشەیەوە پێداون.
ئەو هەنگەوانە چەندین خولی هەنگەوانی بینیوە، جگە لە بەخێوکردنی هەنگ کە سەرچاوەی داهاتیەتی، لە 1998ـەوە سەرکێشی دەکات و چەند جارێک بەشێک لە جەستەی بە هەنگ داپۆشیوە، ئەویش لەرێگەی هەنگی کوردییەوە بووە کە بە هەنگی "شەڕانگێز" دەناسرێت.
ئەو دەڵێت، لە ساڵێکدا 13 تۆن هەنگووینی بەرهەمهێناوە و لە توانایدا هەیە لە ساڵێکدا 120 تۆن بەرهەمبێنیت، بەڵام بۆ ئەو کارە پێویستی بە هاوکاری هەیە.
هاشم عەزیز، میوانی بەرنامەی 'پاشیڤ'ـی رووداو بوو و لە دەستپێکی بەرنامەکە سەفقان ئۆرکێش، پێشکیشكاری بەرنامەکە لە کاتی گفتوگۆکەدا گوتی، پێویستە هیچ کات لە خاوەن هەنگ نەپرسیت چەند هەنگت هەیە.
هاشم عەزیز لە میانی بەرنامەکەدا گوتی، لە زمانی هەنگ تێدەگات و ئەوانیش هەست و مێشکیان هەیە و دەزانن کێ خواردنیان پێدەدات، بۆیە ئەزیەتی خاوەنەکەی نادەن.
گوتیشی "لە ماوەی ساڵێکدا توانیم لە هەنگ تێبگەم و دەزانم کەی توڕە دەبن و کەی ئارام دەبن، کاتێک توڕەیان دەکەم هێرشم دەکەنە سەر".
روونیشیکردەوە، جۆری هەنگی کوردستان شەڕانگێزن و توڕەن و هێرشە دەکەنە سەر مرۆڤ، بەڵام هەنگی ئەوروپی هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ مرۆڤ نییە و توڕە نین.
لەبارەی بەرهەمهێنانی هەنگووین، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ساڵ بە ساڵ ژمارەی هەنگ و بەرهەمهێنانی هەنگووین زیاد دەکات.
گوتیشی "هەنگووین خۆم ناخەمە بازاڕەوە، چونکە کڕیاری تایبەتم هەیە و لە ماوەی سێ مانگدا هەمووی دەفرۆشم، نرخی هەر کیلۆیەک هەنگوین لە نێوان 40 بۆ 50 هەزار دینار دەفرۆشم و جگە لەوە، هەنگووینی ئەسڵیش بەرهەمدێنم".
'پاشیڤ' بەرنامەیەکی دوو کاژێری تۆڕی میدیایی رووداوە و بە درێژایی شەوانی رەمەزان لە کاژێر 13:00-15:00 شەو، لە یەکێک لە خانووە کۆنەکانی ماڵباتی چەلەبی لەسەر قەلای هەولێر پێشکێش دەکرێت.
لە بەرنامەکەدا د. ئادەم بێدار، پێشکێشاری رووداو، شەوانە لەسەر مژارێکی ئایینی گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستایەکی ئایینی دەکات، هەروەها پەیام عەزیزی، هونەرمەند و سروودبێژی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ گرووپێکی میوزیکی شەوان سروودی ئایینی و موناجات پێشکێش دەکات و وەک پێشکێشکاریش بەرنامەش گفتوگۆ و پرسیار دەکات.
سەفقان ئۆرکێش، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان و پێشکێشكاری رووداو، وەک پێشکێشکار و هونەرمەند لە بەرنامەکەدا بەشدارە، بڕگەیەکی تایبەتی بەناوی 'ئایین بە کوردی' هەیە و لەگەڵ سروودبێژ و شارەزایانی بواری تەسەوف و عیرفان لە رۆژئاوای کوردستان چەند هەڤپەیڤینێکی تۆمارکردووە و لە بەرنامەکەدا پەخش دەکرێن، هەروەها گۆرانی و سروودی ئایینی پێشکێش دەکات.
بانوو دڵشاد، پێشکێشکاری رووداو، لەگەڵ ئەو سێ پێشکێشکارە گفتوگۆ لەگەڵ میوانەکانی 'پاشیڤ' دەکات، بەتایبەتیش لە بڕگەی ژنی خاوەن کار.