لە سۆشیاڵ میدیا باس باسی دیبەیت و رووداوە
رووداو- هەولێر
دیبەیتی ساڵ لە رووداو کاردانەوەکانی چاوەڕوانکراوبوو، زۆربەی چاوەکان لەسەر رووداو بوو و گوێیەکانیش بۆ بیستنی قسەکانی مەلا بەختیار و عەلی باپیر کراوە بوون.
هەموو چاوەڕێی هاتنی 10-4-2016 بوون بۆ ئەوەی بزانن گفتوگۆی نێوان مەلا بەختیار و عەلی باپیر چۆن دەبێت و بەکوێ دەگات، هەردوو کەسایەتییەکە بە کەسایەتی سیاسی ناسراون بەڵام گفتوگۆی ئەمجارەیان فکری بوو بۆیە کەسانێکی زۆر و لە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا تامەزرۆی ئەوە بوون بزانن ئەم دوو کەسایەتییە چۆن باسی ئیسلام و عەلمانییەت دەکەن.
کۆمێنتەکان زۆر بوون و جیاواز، هەندێ دەستخۆشییان لە مەلا بەختیار دەکرد و هەندێکیش لە عەلی باپیر، زۆریش بوون ئەو کەسانەی دەستخۆشییان لە رێکخەرانی ئەو دیبەیتە و بەتایبەت (تۆڕی میدیایی رووداو) دەکرد کە سپۆنسەری بەرنامەکە بوو، چونکە پێیانوایە کوردستان پێوستی بەم جۆرە گفتوگۆیانە هەیە.
پێش دەستپێکردنی دیبەیتەکە ترسێک هەبوو لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دیبەیتەکە و ئەنجامەکانی و کاردانەوەکانی، بەڵام وەک رێبین هەردی دەڵێت: "ترسێکی زۆرم هەبوو دیبەیتەکە لەبری وتووێژ و رێزگرتن لەیەک، رق و تووندی زیاد بکات. بەڵام بەپێچەوانەی ئەو ترسەی منەوە، دیبەیتەکە زۆر هێمن و پڕ رێز و ئارام بەڕیوە چوو".
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان دەڵێت: "ئەو دوو بەڕێزە بەشێوەیەكی شارستانی گوزارشتیان لە بیروبۆچوونی خۆیان كرد. تكایە ئیتر با کەس روونکردنەوە بڵاونەکاتەوە".
بەڵام کەسانێکیش هەبوون کە رەخنە لە ئەدای مەلا بەختیار و عەلی باپیر بگرن بۆ نموونە سۆران سێوکانی، شارەزای فکری ئیسلامی لە فەیسبووکی خۆی بە ناونیشانی (مەلاکان ململانێ دەکەن) دەنووسێت: "سەیر ئەوەیە یەکێکیان هیچ لە عەلمانیەت نازانێت و ئەویتریشیان هیچ لە ئیسلام نازانێت".
بەشێک لە کۆمێنتی نووسەران و رۆشنبیران و کەسایەتییە سیاسییەکان لەسەر دیبەیتەکەی نێوان مەلا بەختیار و عەلی باپیر.
لەگەڵ هەندێ برادەری ئازیز باسمان لەوە كرد كە هەندێ وێستگەی گرنگ هەن لە مشتومڕی سیاسی و فكری گەرم لەم شار و وڵاتە، بەردەوام روونكردنەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئیدی تێگەیشتنەكانی لێڵكردوە نەك روونبكاتەوە.
چی تیا ئەبێت، ئەم دیبەیتە بەبێ روونكردنەوە بڕوات بەڕاستی موهیمە. بێگومان ئەوەش موهیمە لایەنگرانی هەردوولا دەسبەرداری هەندێ پۆستی ناشارستانی بن.
ئەمڕۆ ماوەی زیاتر لە دوو كاتژمێرمان بۆ دیبەیتی كوردستان لەنێوان ئیسلامی و عەلمانییەت، كە لە نێوان مەلا بەختیار و عەلی باپیر، بەناونیشانی "سیكۆلاریزم و ئیسلامگەرایی" لە ژیانمان سەرفكرد.
ئەو دوو بەڕێزە بەشێوەیەكی شارستانی گوزارشتیان لە بیروبۆچوونی خۆیان كرد. تكایە ئیتر كەستان روونكردنەوە بڵاومەكەنەوە. وابزانم پەیامەكانتان جوان گەیشتووە.
چیژم لێ وەرگرت، سودی زۆری هەبوو، سوپاس خانەی زانستەمرۆییەكانی پاریس ، سوپاس بۆ مامۆستا عادل باخەوان و میشێل ڤیڤیۆركا، سوپاس بۆ رووداو .
بڕوام وایه كه مرۆڤهكان هێنده شتى هاوبهش له نێوانیاندا ههیه كه رێگه بگرێت لهوهى لهسهر شته ناكۆكهكان بهردهوام له ململانێى و یهكتر شكاندندا بن، ئهم ئێوارهیه ئهم راستییهم بینى و دهستخۆشى له ههردووكیان دهكهم، كوردستانى خۆمان زۆر پێویستى بهم جۆره حیوار و زمانه ههیه.
سوپاسم بۆ هەردوو بەڕێزان هەیە کە ئەمڕۆ دیبەتێکی جوانی پڕ گفتوگۆی راشکاوانە و هاوسەنگ و هێمنی سەرکەوتویان ئەنجام دا کە شایستەبوو بە پایتەختی رۆشنبیری و کەسایەتی سیاسی بە ئەزموون و چەندین پەیامیشی تێدابوو بۆ سیاسیەکان و رۆشنبیرەکانی وڵات.
گفتوگۆی راستهوخۆی ئهمڕۆی بهڕێزان مامۆستا علی باپیر و كاك مهلا بهختیار به گشتی گفتوگۆیهكی جوانی مهدهنیانه و دیموكراسیانه بوو ، جێگای دهست خۆشییه و بێگومان كاریگهری ئهرێنی و پۆزەتیڤی دهبێت لهسهر گهنجهكانمان كه بابهتهكان تهنیا له یهك گۆشه نیگاوه سهیر نهكهن .
ترسێکی زۆرم هەبوو دیبەیتەکە لەبری وتووێژ و رێزگرتن لەیەک، رق و تووندی زیاد بکات. بەڵام بەپێچەوانەی ئەو ترسەی منەوە، دیبەیتەکە زۆر هێمن و پڕ رێز و ئارام بەڕیوە چوو.
چ مامۆستا عەلی باپیر و چ کاک مەلابەختیار زۆر هێمن و بەڕیزەوە قسەیان کرد و لەهەمووشی خۆشتر کۆی ئاراستەی دیبەیتەکە بەرەوە ئەوە چوو کە دەبێت عەلمانی و ئیسلامی هەمێشە لە وتووێژدا بن و پێکەوە بژین،رێزی یەک بگرن، لەبەر ئەوە هەردوو بەڕیز جێگەی دەستخۆشین.
من لە تیڤیەوە دیبەیتەکەم بینی و بەگشتی دانیشتنەکەم زۆر پێ باش بوو. خۆشبەختانە کەس بەشێوەیەکی بریندارکەر قسەی نەکرد و دیبەیتەکە بە باشی و ئارامی بەڕیوەچوو.
ئێمە لە هەریمی کوردستاندا لەزۆر رووەوە شکستمان هێناوە و سەرکەتوو نەبووین، تاکە خاڵێکی پرشنگدار لە ئەزموونی هەرێمدا کە لە کۆی ناوچەکەدا دەگمەن و کەم وێنەیە ئەو پێکەوە ژیان و کارکردنەیە پێکەوە کە لەنیوان هێزە ئیسلامیەکان و ئەو هیزانەدا هەیە کە دینی نین.
دەستخۆش بۆ رێکخەرانی دیبەیتەکە و هیوادارم هەموو جارێک بەمشێوازە لەڕێز و گوێگرتن لەیەکەوە قسە و دیالۆگ لەگەڵ یەک بکەین.
بەبڕوای من نە مەلا بەختیار و نە عەلی باپیر لەدیبەیتەكەیاندا شتێكی نوێیان نەگوت، ئەوەی عەلی باپیر لەسەر كاغەز دەیخوێندەوە و ئەوەی مەلا بەختیار بەبێ كاغەز و وەرەقە گوتی من چەندین جاری دیکە هەر لەخۆیانم بیستووە، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگ و جێگەی دڵخۆشیە ئەو روحی یەكتر قبوڵكردنەبوو كە هەردو گفتوگۆكار هەیانبوو.
خۆزگە لەمەودوا هەموو ئیسلامییەكان وەك عەلی باپیر و هەموو عەلمانییەكان وەك مەلا بەختیار گفتوگۆیان دەكرد و كەس پەنای بۆ جوێن و دەستەواژەی ناشیرین نەدەبرد.
بەڵام بەهەموو پێوەرێك ئەم دیبەیتە سەلماندی كە ئیسلامییەكان و عەلمانییەكان لەكوردستان دەتوانن زۆر بەهێمنانە گفتوگۆ و كاری هاوبەش بكەن و هەمووان لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان لەهەوڵدابن.
مەلاکان ململانێ دەکەن
سەیر ئەوەیە یەکێکیان هیچ لە عەلمانیەت نازانێت و ئەویتریشیان هیچ لە ئیسلام نازانێت. ناشزانم مامۆستا علی باپیر باسی کام ئیسلام دەکات، ئایا وەک ئیسلامی سەلەفی قسە دەکات یان ئیسلامی کولتوور یان ئیسلامی نوێگەری.
مەلا علی باپیر 2000-ی خۆی باس دەکات کەپەرلەمان کوفربوو، یان ئیسلامی ئێستا کە پەرلەمان جیهادە مەلابەختیاریش باسی چ عەلمانییەتێک دەکات.
ئایا ئەو نوێنەری کێیە؟ لیبراڵ دیموکراتە ؟ یان سۆسیالیستە؟ شۆڕشگێرە یان ریفۆرمخوازە ؟
ئەو چی لە ئیسلامی کولتوور و سەلەفی دەزانێت؟
له 30-3-2015 لهپیناو باشتركردنى ژینگهى فكرى و پیكهوهژیان له ههریمهكهمان سهردانى كاك مهلابهختیارمان كرد. داوامكرد لهگهل مامۆستا على باپیر پیكهوه رووبهڕوو گفتوگۆیهكى كراوه بكهن لهبهر ئهوه من پێموایه بسته خاكێكى ئازاد ههبێ لهسهرتاسهرى دونیا ههریمهكهى خۆمانه سهربارى گلهیی و رهخنه و تێبینى، سوپاسى دهكهم پێی باش بوو.
راویژم به مامۆستا على باپیریش كرد ئەویش پێى باش بوو سوپاسى دهكهم، سوپاس بۆ ئهوانهى ئهو خواستهیان هینایهدى. سوپاس بۆ ههردوولا نمونهیهكى جوانیان پێشکەشکرد و گوێ لهیهكتر گرتنهكهیان به بهرز دهنرخێنم.
هیچ شتێک هێندەی پێکەوه ژیان و پێکەوه گونجان و پێکەوه هەڵکردن جوانترنییه.
هەموو پەیام و بیروڕا و ئاینێک، پێویسته له خزمەتی مرۆڤبوونی مرۆڤایەتیدا بێت.
دیارترین خاڵی لاوازی ئهو دیبهیته، ئهوهبوو ههردوو بهڕێزان مهلا بهختیار و عهلی باپیر، كهسایهتی سیاسی بوون، نهك ئهكادیمی، ئهوان ناچاربوون بهكۆڵێك ئێكسسوارهوه قسه بكهن.
نه مهلا بهختیار توانی وهك خۆی تهعبیر له عهلمانیهت بكات. نهعهلی باپیر توانی وهك خۆی تهعبیر لهئیسلام بكات.
لەپەراوێزی دیبەیتەکەی مەلا بەختیار و عەلی باپیردا :
یەکەم : ئەوکارەی "رووداو"کردی، ھەنگاوێکی پۆزەتیڤانەیە بەئاراستەی لێک تێگەیشتن و گفتووگۆی شارستانیانە.
دووەم : ئەم دوو بەڕێزە ھیچی تازەیان بۆ گوتن پێ نەبوو ، قسەی ناوکتێبەکانیان دەکرد. ئەو کتێبانەی بۆخۆیان چەند ساڵێک لەمەوبەر نووسیوویانە و کەم تا زۆر ئێمە خوێندومانەتەوە.
سێیەم : خاڵی سەرنجڕاکێش بۆمن ، قسەیەکی کابرای فەڕەنسی بوو"میشێل ڤیڤیۆرکا" کە گوتی:"ئێمە دوو سەدەیە خەریکی ئەم چەشنە دیبەیتانەین".
بەزەیی زۆرم بە خۆماندا ھاتەوە کە ئێمە ئەمڕۆ (10-4-2016) کاتژمێر (4)ی ئێوارە دەستمان بەو جۆرە دیبەیتانە کرد.
بەگشتی شێوازی بەڕێوەبردنی دیبەیتەکە زۆر باشبوو، یەکتر قبوڵكردن و هێمنی و قسە بەیەکدی نەبڕین و سنگ فراوانی، لە تایبەتمەنیەکانی گفتوگۆکە بوون، هەست دەکرا گۆڕانکاری لە دید و مامەڵەی هەردوولادا هاتووەتە ئاراوە، کە ئەمەش خاڵێکی ئیجابی دەبێت بۆ مامەڵەو چۆنیەتی پێکەوە ژیان و هەڵکردن لە ئایندەدا.
بەڕێز مەلا بەختیار نەرمتر لە جاران و وەک موسڵمانێك خۆی نواند، وەلێ رەخنەکانی پتر بەلای رووداوەکانی مێژوودا دەشکاندەوەو کەمتر بابەتی بوو بە بەراورد بە م. عەلی باپیر.
بەهیوای ئەوەی ئێمە لە کوردستان مۆدیلێكی جوان پێشکەش بکەین و هەموان دوورەپەرێز بین لە پەڕگیری و رەتکردنەوەی بەرامبەر!
----------------------------------
لەم دوو هاشتاگەوە کلیک بکە و تەواوی دیبەیتەکە و کۆمێنتەکان ببینە
#دیبەیتی_ساڵ
#Rudaw_Debate