10 ژن لە هەڵەبجە دیزاینی نوێ بۆ جلوبەرگ دادەنێن
رووداو - هەڵەبجە
10 ژنی دەستڕەنگینی هەڵەبجە لەنێو دووکانێکی گەورەی دیزاینی جلوبەرگی کوردی کار دەکەن. شاناز عومەر خاوەنی دووکانەکەیە و دەڵێت، ئەم ژنانە هەموویان ماڵ و منداڵیان هەیە، رۆژانە پێکەوە کارەکان دابەش دەکەن بۆئەوەی کەسیان بێکار نەبن.
دەریا جاسم خاوەنی سێ منداڵە، یەکێکە لەو 10 ژنەی لەنێو ئەو دووکانە کاری چنین دەکات بەپێی داواکاریی کارەکانی. ئەو دەڵێت، "نزیکەی سێ ساڵە لە ماڵەوە کار دەکەم، بەڵام ساڵێکە لەم سەنتەرە کاری چنین دەکەم، کڵاو، کۆڵوانە یان هەر شتێکیان بوێت کە کاری چنین بێت، بۆیان دروست دەکەم. باشترە لەوەی دەستت بەتاڵ بێت، زۆر ئاسوودەم هاوکاریی یەک دەکەین."
ئەو خانمانە ماوەی دوو ساڵە کار دەکەن، ئێستا بەبۆنەی نەورۆز و رۆژی جلی کوردییەوە زۆرترین داواکارییان لەسەرە، کاری چنین و کاری دەستییش دەکەن.
جیاواز لە ساڵانی رابردوو، ئەم ساڵ خواست لەسەر دوورینی جلوبەرگی فۆلکلۆری کوردی زیاتر بووە. شاناز رەفیق یەکێکی دیکەیە لەو 10 ژنە دەستڕەنگینە و باس لەوە دەکات، "ماوەی چەند ساڵێکە کاری دوورین و دیزاین دەکەم. خەڵک بەگشتی بەرەو بابەتە فۆلکلۆرییەکان دەگەڕێتەوە و حەز دەکات کەوا و کراسەکەی پان بێت، لێرە زیاتر کەوای سێ پارچەیە، خەڵکی رانیە و قەڵادزێ زیاتر 6 پارچە و 7 پارچە دەدوورن. لێرە بڕین و دوورین و ئیشی چنینیش دەکەن، ئیشی مێخەک و شمڵییش دەکەن."
ئەو 10 خانمەی هەڵەبجە بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە، ئێستا زیاتر تاوەکو درەنگانی شەو لە دووکان پێکەوە کار دەکەن، چواریان کاری دوورین دەکەن، دووانیشیان نەخش و دیزاینی کڵاو و کۆڵوانە دەکەن.
جلی کوردی جلوبەرگی فەرمی و نیشتمانیی تایبەت بە نەتەوەی کوردە، بەشێکە لە کولتووری کوردی؛ لەڕووی شێواز و پۆشینیەوە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکەی کوردستان جیاوازە.