پۆلیسی گەرمیان: لە کفری بەهۆی گولـلەوە ئافرەتێک گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، لە کفری ژنێک بە گولـلە گیانی لەدەستداوە و کەسوکارەکەی دەڵێن خۆی کوشتووە.

رۆژی هەینی، 10ـی ئاداری 2023، عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ ژنێک بە گولـلە گیانی لەدەستداوە و کەسوکارەکەی بە پۆلیسیان گوتووە، لە ماڵی خۆیان بە دەمانچە گولـلەیەکی بەخۆیەوە ناوە و گیانی لەدەستداوە.
 
رزگار لەتیف، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو ژنە بەهۆی ئەوەی هەر لەنێو کفریدا گیانی لەدەستداوە، نەبراوەتە نەخۆشخانەکەی ئەوان و رەوانەی دادپزیشکی کەلار کراوە.
 
ژنەکە ناوی (ب، و، ڕ)ـە و لەدایکبووی ساڵی 1996ـە. عەلی جەمال قدووری گوتی، پۆلیس دەستی گرتووە بەسەر دەمانچەکەدا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ چۆنیەتیی رووداوەکە کردووەتەوە.
 
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێکیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەو ژنە دەستگیر نەکردووە.
 
بەگوێرەی ئاماری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ژنان و خێزان، ساڵی رابردوو 68 ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە.