جموجۆڵەکانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان زیادیان کردووە
رووداو - هەولێر
زیاتر لە مانگێکە جموجۆڵی چەکدارانی داعش لە سنووری مەخموور و چیای قەرەچووخ تاوەکو کەرکووک و حەویجە زیادیکردووە، چیای قەرەچووخ یەکێک لە سێ گەورە بنکە و بارەگاکانی داعشە لە عێراق، نزیکەی مانگێکە فیرقەی 14ی سوپای عێراقی لە دامێنی چیای قەرچووخ هێز و سەنگەری زیاتر کردووە، سوپای عێراقی بە هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لە سنووری مەخموور.
لیوا روکن عەبدوڵڵا رەمەزان، فەرماندەی فیرقەی 14ی سوپای عێراقی لە مەخموور دەڵێت "بە دڵنیاییەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان سوپای عێراقی و پێشمەرگە دەبێت، رێنمایی هەیە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و رێزدار سوپا سالار، هاوئاهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی پێویستە، بەتایبەتی لە ناوچەی مەخموور و سەرجەم ناوچەکانی دیکە رێنمایی هەیە کە لە ئاستی باڵا هاوئاهەنگ بن. ئامانجەکە سنووردارکردنی جموجۆڵەکانی داعش و لەنێوبردنیانە لە ناوچەی مەخموور، بەتایبەتی دوای پاککردنەوەی دوورگەی گەنعۆس، ئەو داعشانەی لە گەنعۆس بوون هاتوونەتە چیای قەرەچووخ، بۆیە ئەو رێکارانەمان گرتووەتەبەر بەمەبەستی سنووردارکردنی جموجۆڵەکانی داعش".
بەپێی داتاکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی لە بەشێک لە ناوچە دابڕێندراوەکان دەگاتە 40 کیلۆمەتر و داعش لەو ناوچانە بەشێوەی گرووپ هێرشەکانیان ئەنجامدەدەن، فەرماندەکانی پێشمەرگە هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش بە گەڕانەوەی چەکدارەکانیان لە سووریا و عێراق دادەنێن، بەپێی زانیارییەکانی پێشمەرگەش، چەکدارە بیانییەکانی داعش بە چاوساخیی چەکدارە نێوخۆییەکانیان لە ناوچە دابڕێندراوەکان و سنووری مەخموور خۆیان رێکخستووەتەوە.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوە کرد "ئەم بۆشاییانە بووەتە شوێنێکی ئارام بۆ جموجۆڵی داعش، تەنانەت بووەتە شوێنی مەشقی داعش، ئێمە ئامادەین بۆ ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و جێگیرکردنی هێزی هاوبەش لەو ناوچانە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە، تەنانەت بۆ کۆتاییهێنان بە داعش بە یەکجارەکی لەو ناوچانە. ئەگەر ئێمە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەین لەو ناوچانە نەکشێینەوە، هێزەکانیشمان جێگیربکەین لەو بۆشاییە بە هاوبەشی، داعش لەو ناوچانە کۆتایی دێت، بەڵام ئەوەی کە نایکات و نایەتە پێشەوە حکومەتی فیدراڵییە".
ساڵی 2020 و تاوەکو ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان 83 جار بنکە و بارەگاکانی داعشیان لە سنووری مەخموور و چیای قەرەچووخ بۆردوومان کردووە، لە بۆردوومانەکاندا 156 چەکداری داعش کوژراون.