رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی نەبوونی مووچە و کزیی بازاڕ، پەیداکردنی بژێوی ژیان بۆ کاسبکاران ئاسان نییە، رووداو بەشێک لە شۆفێرانی تاکسی، دووکاندار و نانەواکانی دواند، ئەوان دەڵێن، "هیچ کاتێک هێندەی ئەم ماوەیە بێکار نەبووین".
حاجی سەفین، شۆفێری تاکسیە لە هەولێر، بە رووداوی گوت، دوو کاژێرە چاوەڕێی سەرنشینە، هەموو ئەمڕۆ دوو کرێی هەبوون و شەش هەزار دیناری دەستکەوتووە، "بارودۆخەکە خراپە، نەفەرمان کەمن، ئەوانەی دەستیش رادەگرن و سەرنشینن مامەڵەی زۆر دەکەن وەک پێشتر نییە داخلی پێنج هەزاری مابێت، لە دوو بۆ سێ هەزار زیاتر نادەن".
شێخەڵڵا؛ ناوێک لە کوردستان نموونەی قەرەباڵخی و بازاڕگەرمییە، کەچی نیمچە چۆڵە.
سەنگەر رەشید، خاوەن مارکێتێکی پڕاوپڕ لە پێداویستی سەرەکی رۆژانەیە، کەڵەکەبوونی قەرز لە دەفتەرەکەی خەمێکی دیکەی ئەم کاسبکارەیە. بەگوتەی خۆی لە چوار مانگدا بڕی 80 ملیۆن دیناری چووەتە قەرزەوە.
سەنگەر بۆ رووداوی باسکرد، "لە 1991ـەوە دووکانم هەیە، هیچ کات ئاوا بێ بازاڕ نەبووم، لەلایەکی دیکەشەوە بووینەتە شاعیر بەهۆی دەفتەری قەرزەوە ئەوەندەی شت تێدا بنووسین، کە بە خەڵکیش دەڵێین قەرزەکەت بهێنەوە، دەڵێن با مووچە بێت".
چایەک بە 250 دینارە، بچووکترین پارەی بەردەست، بەڵام دەفتەری قەرزیان بۆ ئەویش دروستکردووە، کار گەیشتووەتە کڕینی چەند سەمونێکیش بە قەرز و قۆڵە.
شڤان یاس، خاوەن سەموونخانەیە و دەڵێت، "خەڵک هەن بە قەرز سەموون دەکڕن، زۆرن ئەو کەسانەی شەرم دەکەن بۆ بڕە پارەیێکی کەم داوای قەرز بکەن، هەربۆیە منداڵەکانیان دەنێرن و دەڵێن باوکم گوتوویەتی تا مووچەمان دێت سەموونمان بە قەرز پێبدات".
ئەو دووکان و بازاڕانەی فرۆشیاری کاڵای جوانکارین یاخود کاڵاکەیان گرانبەهان و کەمتر پێداویستی رۆژانەی خەڵکن مێش میوانیان نییە و مۆبایلەکەیان دەستیان ماچ دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ