سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین: زانکۆکەمان یەکەمی سەر ئاستی عێراقە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین رایگەیاند، لە رانکی پێنج ساڵەدا زانکۆکەیان ریزبەندی یەکەمی زانکۆ حکومی و ناحکومییەکانی عێراقی بەدەستهێنا لە پرسی گەڕان بەدوای ئەو توێژینەوانەی گوگڵ سایتەیشن دیارییان دەکات. دەشڵێت: "ئەمە دەستکەوتێکی باشە و دیارە کە مامۆستایانی زانکۆی سەلاحەدین هەوڵی زۆر دەدەن و توێژینەوەکانیان جێی بایەخە."
رۆژی سێشەممە، 10-1-2023، پرۆفیسۆری یاریدەدەر، دکتۆر کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لەبارەی رانکینگی نوێوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی 8ـی کانوونی دووەمی 2023، ئەنجامی گوگڵ سایتەیشن دیاریکرا و زانکۆی سەلاحەدین -هەولێر لە رانکی پێنج ساڵە پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی زانکۆ تایبەت و حکومییەکانی عێراق بەدەستهێنا."
لەبارەی ئەو رانکەوە، دکتۆر کامەران یونس زیاتر روونیکردەوە: "ئەو پێوەرە بریتییە لە گەڕان و سوود وەرگرتن لە توێژینەوەکان لە رێگەی وێبسایتی گوگڵەوە، واتە لە هەموو دنیا چەند کەس و چەند جار سوود لە توێژینەوەکانی ئێمە و مامۆستایانی زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆکانی دیکە وەرگیراوە، بۆیە بەپێی ئەو رانکە دەرکەوتووە لە زۆر شوێن و لە لایەن زۆر کەسەوە زۆرترین سوود لە توێژینەوەکانی مامۆستایانی زانکۆی سەلاحەدین بە بەراورد بە زانکۆکانی دیکە وەرگیراون."
بەپێی لیستە بڵاوکراوەکە کە ناوی 75 زانکۆی عێراق و هەرێمی کوردستانی تێدایە و هەندێک لە زانکۆکانیشی تێدا نییە، توێژینەوەکانی زانکۆی سەلاحەدین و مامۆستاکانی 32 هەزار و 495 جار بەکارهاتوون و سوودیان لێوەرگیراوە، هەروەها ئەو توێژینەوانەی زۆرترین بەکارهێنانیان هەبووە 37 توێژینەوە بوون.
لە هەرێمی کوردستان 18 زانکۆی حکومی و 18 زانکۆی ئەهلی و 12 پەیمانگەی تایبەت هەن.